بزوتنەوەى گۆڕان ساڵى نوێ پیرۆز دەکات و هۆشدارى دەدات

31/12/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان ساڵى نوێ پیرۆز دەکات و رایدەگەیەنێت؛ بەداخەوە، لەکاتێکدا، پێدەنێینە ساڵی نوێ وە، ھەرێمی کوردستان دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیە و شێوازی حوکمڕانیکردنیش لەبەردەم چەندین قەیران و ئاڵنگاریدایە؛ کە دەرھاویشتەی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و کەمبونەوەی ئاستەکانی بەشداری سیاسیی و نەمانی متمانە بە دامەزراوەکانی حوکمڕانی دروست کردوە.

 

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە؛ چاکسازییەکی گشتگیر، بە دامەزراوەییکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەگژداچونەوەی گەندەڵی، سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، رێزگرتن لە ئازادییەکان و بیروڕای جیاواز، شەفافیەتی خەرج و سەرچاوەکانی داھات، دەستەبەرکردنی موچە و شایستە داراییەکان، رێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی نیشتیمانسازی دروست و ھاوبەشی سیاسیی راستەقینە لە هەرێم و بەغدا؛ زامنی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قەیرانئامێزەیە.

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

 

ساڵی نوێتان پیرۆزبێت..
‎بەبۆنەی جەژنی کریسمیس و هاتنی ساڵی نوێی زاینی (٢٠٢٢)، پیرۆزباییەکی گەرم لە کریستیانەکان و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و، عێراق و مرۆڤایەتی دەکەین.

‎بەداخەوە، لەکاتێکدا، پێدەنێینە ساڵی نوێ وە، ھەرێمی کوردستان دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیە و شێوازی حوکمڕانیکردنیش لەبەردەم چەندین قەیران و ئاڵنگاریدایە؛ کە دەرھاویشتەی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و کەمبونەوەی ئاستەکانی بەشداری سیاسیی و نەمانی متمانە بە دامەزراوەکانی حوکمڕانی دروست کردوە. وەک دەر ئەنجامی ئەو دۆخەش، ژمارەی کۆچی ھاوڵاتیان و گەنجان زیادی کردوە و قوربانیەکانیش روو لە ھەڵکشانە، ھاوکات نەبونی ئیرادەی راستەقینە بۆ چاکسازیی ریشەیی و وەڵامدانەوەی داخوازی و چاککردنی بژێوی ژیانی خەڵک ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانتر کردوە.

‎ئەم واقعە تاڵە شایەنی نکۆڵیکردن نیە، بۆیە لەم بۆنەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان ھۆشیاری دەدات لە ئەگەری بەردەوامیدان بەم شێوازی حوکمڕانیە کە رەزامەندی خەڵکی لەسەر نیە؛ مەترسیەکی رژد روبەڕووی قەوارەی سیاسیی ھەرێم و ئایندەی هاوڵاتیانی کوردستان دەبێتەوە. ھەربۆیە چاکسازییەکی گشتگیر، بە دامەزراوەییکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەگژداچونەوەی گەندەڵی، سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، رێزگرتن لە ئازادییەکان و بیروڕای جیاواز، شەفافیەتی خەرج و سەرچاوەکانی داھات، دەستەبەرکردنی موچە و شایستە داراییەکان، رێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی نیشتیمانسازی دروست و ھاوبەشی سیاسیی راستەقینە لە هەرێم و بەغدا؛ زامنی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قەیرانئامێزەیە.

‎لە کۆتایدا، ھیوادارین ساڵی نوێ؛ ساڵی خێر و خۆشی بێت بۆ ھەموان، ساڵی بەدەستھێنانەوەی متمانەی سیاسیی بێت لەرێی پەیڕەوکردنی شێوازێکی حکومڕانیەکی دروست کە سەرچاوەی رەوایەتی لە خەڵکەو وەرگرتبێت، ھەروەک ساڵی گەڕانەوەی ئومێد و ھیوا بێت بۆ زاڵبون بەسەر قەیران و ئاڵنگاریەکان و تێپەڕاندنی ناخۆشیەکانی ھاوڵاتیان.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
‎٣١ی١٢ی٢٠٢١




8,821
People reached
230
Engagements

-1.7x lower
Distribution score
Boost post

108108

20 Comments

Like



Comment


Share


هەواڵی زیاتر