بزوتنەوەى گۆڕان: گەلەکەمان لە کاتێکدا ئاھەنگەکانی نەورۆز دەگێڕن، خراپ ئیدارەدان و ململانێی کەسی و حیزبی چارەنوسی ھەرێمی لە تونێلێکی تاریک ھێشتوەتەوە
20/03/2022
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: گەلەکەمان ئەمساڵ لە کاتێکدا ئاھەنگەکانی جەژنی نەورۆز دەگێڕن، کە ئاڵنگاریەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بون، ھاوڵاتیان لە نۆرەی موچە وەرگرتن و سوتەمەنی گیان دەسپێرن و ڕۆژ دەکەنەوە، خراپ ئیدارەدان و ململانێی کەسی و حیزبی بەرتەسک چارەنوسی ھەرێمی لە کۆتایی تونێلێکی تاریک ھێشتووەتەوە.
لەو پەیامەدا کە بە بۆنەى جەژنى نەورۆزەوە ئاڕاستەى کردوە، بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بە پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و مەترسیەکان لەسەر دەستکەوتە دەستوریەکان دەکات، ئەوەش دەخاتەڕو ئەم بۆنەیە کە هاوکاتە لەگەڵ ئازادکردنى شارى کەرکوک، دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان خراپترە و بە عەرەبکردن و جیاکاری بە فۆڕمێکی دیکە سەری ھەڵداوەتەوە، دەشڵێت: ئەم وێنە گشتیە، دەرخەری مەترسی جدیە لەسەر ئەزمونی سیاسیی و شێوازی حوکمڕانی ھەرێم، ھەربۆیە پێویستە لەسەرمان «نهورۆز» بکەینە ھەلێک بۆ ههماههنگی و هاوكاری یهكتر، بۆ روبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریەکان، ھەمو ئەمانەش بە ئامانجی پاراستنی مافه نهتهوهییهكانمان له بهغدا و، گۆڕانکاری و چاكسازی ریشهیی له شێوازی بهڕێوهبردن و ئیدارەدانی ههرێمی كوردستان".
دەقى راگەیەندراوەکە:
جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت..
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەوروز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٢) و ئازادکردنی شاری کەرکوک، جوانترین پیرۆزبایی لە کوردستانیان و گەلانی ناوچەکە دەکەین.
نهورۆز، تهنیا هێمای ژیانەوەی سروشت و لەدایکبونەوەی بەھار نیە، بهڵكو رەمزی ئازادی و روبەڕوبونهوهی ستهم و نادادپهروهریە. ئەم بۆنەیە لە کۆیادەوەریمان ئاماژەیە بۆ تێكۆشان و ئازادبون و زیندوهێشتنهوهی یاد و شکۆی دەیان سهركهوتن؛ لەوانە راپەڕینی خەڵکی کوردستان.
گەلەکەمان ئەمساڵ لە کاتێکدا ئاھەنگەکانی جەژنی نەورۆز دەگێڕن، کە ئاڵنگاریەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بون. دۆخی ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان سەختتر بوە، سەقامگیری بازاڕ خراپ و نرخی پێداویستیەکان لە بەرزبونەوەدایە، متمانە بە دەسەڵاتی سیاسیی یەكجار لاواز بوە، ھاوڵاتیان لە نۆرەی موچە وەرگرتن و سوتەمەنی گیان دەسپێرن و ڕۆژ دەکەنەوە، خراپ ئیدارەدان و ململانێی کەسی و حیزبی بەرتەسک چارەنوسی ھەرێمی لە کۆتایی تونێلێکی تاریک ھێشتووەتەوە.
لەسەر ئاستی عێراقیش، پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و مەترسیەکان لەسەر دەستکەوتە دەستوریەکان زیاترن، دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان خراپترە و بە عەرەبکردن و جیاکاری بە فۆڕمێکی دیکە سەری ھەڵداوەتەوە، خەباتی کورد لە پارچەکانی دیکە لەبەردەم گۆڕانکاری سیاسەت و بەرژەوەندی نوێی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتیە.
ئەم وێنە گشتیە، دەرخەری مەترسی جدیە لەسەر ئەزمونی سیاسیی و شێوازی حوکمڕانی ھەرێم، ھەربۆیە پێویستە لەسەرمان «نهورۆز» بکەینە ھەلێک بۆ ههماههنگی و هاوكاری یهكتر، بۆ روبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریەکان، ھەمو ئەمانەش بە ئامانجی پاراستنی مافه نهتهوهییهكانمان له بهغدا و، گۆڕانکاری و چاكسازی ریشهیی له شێوازی بهڕێوهبردن و ئیدارەدانی ههرێمی كوردستان.
دوبارە، جەژنی نەورۆزتان پیرۆز و بە ئومێد و گەشبینیەوە لە ژیان و نوێبونەوە بەردەوام بن.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری٢٠٢٢