بزوتنەوەى گۆڕان: لە برى وانە وەرگرتن لە تاوانى ئەنفال و خزمەتکردنى نەتەوەکەمان، یەکێتى و پارتى خەریکى یەکتر شکاندن و بردنەوەى قومارى سەرۆک کۆمارن

14/04/2022

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان. رایدەگەیەنێت: داڵدەدانی تاوانباری جینۆسایدی گەلی كورد لە تاوانی ”ئەنفال” شەرمەزارییە و دوایی (٣٤) ساڵ لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە مێژوییە؛ لە بری وانەوەرگرتن و ھەوڵدان بۆ خزمەتکردنی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان، یەکێتی و پارتی خەریکی یەکتر شکاندن و قوماری بردنەوەی سەرۆک کۆمارن، کە درێژەدان بەم سیاسەتە ھەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی مێژویی و پشتگوێخستنی ئامانجی قوربانیان و خەباتی گەلەکەمان.

راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی ئەنفال

 
‎ئەمرۆ، (٣٤) ساڵ بەسەرتاوانێکی گەورەی مێژویی تێدەپەرێت، تاوانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان کە بەعس و رژێمی لەناوچوی سەدام ناویاننابوو ئەنفال.

‎ ئەنجامدانی پرۆسەکانی بەدناوی ئەنفال، یەکێکە لە تاوان و کردەوە وەحشیگەریەکانی سەدەی بیستەم، کە دوای (١٩) ساڵ بەسەر روخانی ئەنجامدەری ئەم تاوانە؛ تائێستا ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە و ئەوانەی هاوکارییانکردون، نەک ھەر راپێچی بەردەم دادگا نەکراون، بەڵکو داڵدەش دراون. ئەوانەی داڵدەیان داون بە شانازی باسی دەکەن. لە کاتێکدا شەرمەزارییە داڵدەی ئەو تاوانبارانە بدرێت کە دەستیان بە خوێنی ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و پیری کورد سورە.

‎لە ئاست تاوانی ئەنفال دا، حکومەتی ئیتیحادی لە ناساندن و بەدەنگەوە هاتنی خواست و داوای رەوای کەسوکاری ئەنفالکراواندا کەمتەرخەمە، لە قەرەبووی زیان و ژیانیشیان کەمتەرخەم تر. ئەمە جگەلەوەی پرسی ئەنفال وەک تاوانە گەورەکانی دیکەی جینۆساید لەسەر ئاستی جیهان نەبۆتە دۆسیەی ناوەندە جیھانیەکان و خەمساردی ھەیە لە بەدیکۆمێنتکردن و ناساندنی تاوانەکە لەناوەندە رۆشنبیری و پەروەردەییەکان.

‎ لە ھەرێمی کوردستان یش دوایی (٣٤) ساڵ لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە مێژوییە؛ لە بری وانەوەرگرتن و ھەوڵدان بۆ پتەوکردنی گوتاری سیاسی و خزمەتکردنی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان، یەکێتی و پارتی خەریکی یەکتر شکاندن و قوماری بردنەوەی سەرۆک کۆمارن، کە درێژەدان بەم سیاسەتە ھەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی مێژویی و پشتگوێخستنی ئاوات و ئامانجی قوربانیان و خەباتی گەلەکەمان.

ھەموو ئەوانەی دەسەڵاتداران باش دەزانن ئەو دەسەڵاتەی ھەیانە بەرھەمی ئازایەتی و قوربانیدانی خەڵک و خوێنی شەھیدان و پێشمەرگەیە. ھەموو پارتەکان و سەرکردەکان لە تەنگانەدا پەنایان بۆ خەڵک بردوە. لە کاتێکدا لە جیھاندا دۆستێکیان نەبووە خەڵک بون بە قەڵا و قەڵغان بۆ ھەموو سەرکردەکان. کەچی ئەمڕۆ ھەموویان ئەو رۆژانەیان بیر چوەتەوە. تەنیا لە ساڵڕۆژی ئەنفالدا بیریان دێتەوە و رۆژی دواتر ھەموو ئەو بەڵێنانەیان بیر ئەچێتەوە کە ساڵ دوای ساڵ داویانە. بێ ئاگان لە دۆخی سەختی ژیانی ھاونیشتیمانیان. نابینا و نابیستن لە بەرامبەر خراپی گوزەرانی ھاوڵاتیان.

‎ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە ئازاری زامی قوڵ و خەمی بێکۆتای لە دەستدانی کەسوکاریان تێدەگەن. ئێمە تەنیا دەتوانین هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیان دەردەبڕین و سەری رێز و نەوازش بۆ گیان بەختکردوانی ئەنفال دادەنەوێنین.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی٤ی٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر