بزوتنەوەى گۆڕان: لەکاتیکدا جەژن دەکەین کە دڵەڕاوکێ، قەیران، دوبەرەکی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەکی بەرۆکی گرتوین

01/05/2022

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەداخەوە، لەکاتیکدا جەژن دەکەین؛ دڵەڕاوکێ، قەیران، دووبەرەکی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەکی بەرۆکی گرتوین، حکومەتی ئیتیحادی لە رێگەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە سەرچاوە سەرەکیەکانی داھاتی هەرێمى لەرزۆک کردوە و ‎لە ناوخۆشدا، ململانێ و کێشمەکێشمی بێئەنجامی پارتی و یەکێتی، ھەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و رێگرییەکان لەبەردەم پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاکسازی ژیانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی تاڵ کردووە.
بزوتنەوەى گۆڕان لە پەیامى پیرۆزبایی جەژنى رەمەزاندا، لەگەڵ پیرۆزبایی لە هاونیشتیمانیان و سەرجەم مسوڵمانان، ئاماژە بەو قەیرانانە دەکات کە بەرۆکى هاوڵاتییانى گرتوە و نیگەرانى دەخاتەڕو لەوەى بە داهاتێکی زۆرەوە ناتواندرێت لەکاتی خۆیدا موچە دابەش بکرێت، داواش دەکات ‎ هیز و لایەنە سیاسیەکان؛ ئەم جەژنە بکەنە دەرفەتێک بۆ لێکتێگەیشتن و ھاوڕایی بە ئامانجی ئاوڕدانەوە لە خەم و داخوازی و پێداویستیەکانی خەڵک و، بە ئیرادەکی تۆکمەوە نەخشەی دەرچون لەم قەیرانانە دابڕێژین.

دەقى پەیامەکە:
جەژنتان پیرۆزبێت...
‎بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی هاونیشتمانیانی هەرێم و سەرجەم عێراق و مسوڵمانان دەکەین، بە هیواین خوای گەورە تاعەت و پەرستشی هەمولایەکی قبوڵ کردبێت.
‎بەداخەوە، لەکاتیکدا جەژن دەکەین؛ دڵەڕاوکێ، قەیران، دووبەرەکی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەکی بەرۆکی گرتوین. مەترسی و ئاڵنگاری دەرەکی لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی و کۆی دەستکەوتەکان زیاتر بوە. کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، حکومەتی ئیتیحادی لە رێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەوەی پێی دەوترێ ئابوری هەرێم و سەرچاوە سەرەکیەکانی داھاتی لەرزۆک کردووە.
‎لە ناوخۆیی ھەرێمدا، ململانێ و کێشمەکێشمی بێئەنجامی پارتی و یەکێتی، ھەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و رێگرییەکان لەبەردەم پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاکسازی ریشەیی؛ خزمەتگوزارییەکان و ژیانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی تاڵ کردووە، بەشێوەیەک بە داهاتێکی زۆرەوە ناتواندرێت لەکاتی خۆیدا موچە دابەش بکرێت، ئەوەتا لەشارێکی گەورەی وەک سلێمانی و بەم جەژنە هێشتا موچەی مانگی (٣)ی چەند وەزارەتێک دابەش نەکراوە و لەگەڵ خێزانەکانیان دڵشکاوانە جەژن دەکەن.
‎بزوتنەوەی گۆڕان، داوا دەکات هیز و لایەنە سیاسیەکان؛ ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ لێکتێگەیشتن و ھاوڕایی بە ئامانجی ئاوڕدانەوە لە خەم و داخوازی و پێداویستیەکانی خەڵک و، بە ئیرادەکی تۆکمەوە نەخشەی دەرچون لەم قەیرانانە دابڕێژین.
دوبارە جەژنتان پیرۆزبێت و لە ئاشتی و ئۆقرەییدا بمێننەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
١ی ئایاری ٢٠٢٢





هەواڵی زیاتر