پرسەنامەی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ خانەوادە و بنەماڵەی بەڕێز و داخداری ئەمینی

20/09/2022

کۆمەڵایەتی

خەڵکی بەشەرەفی شاری دێرینی سەقز و جەماوەری بەرێزی روژھەڵاتی کوردستان و گەلانی ئازدیخوازی ئێران
ھەواڵی دڵتەزینی گیان بەخت کردنی مەزڵومانە و غەریبانەی ( ژینای ئەمینی ) جوانەمەرگ بەشێوەیەکی سامناک و لە بارودۆخێکی دڵتەزێندا بوەتە مژاری سەرەکی رای گشتی و کۆمەڵگای کوردستان و ئێران و جیهانی توشی شۆک کردوە و بووەتە ھۆکاری دڵگرانی و خەمباری چین وتوێژە جۆراوجۆرەکان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتی و میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان وەک ھەڵەیەکی کوشندە و کارێکی نەشیاو و ناحەقییەکی حاشا ھەڵنەگر باسی لێوە کراوە و لەلایەن سەدان کەسایەتی ناودار و چالاکانی مەدەنی تێکۆشەرانی بواری مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و ھەروەھا حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی روژھەڵاتەوە پرۆتستەکراوە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرچاوی جەماوەری بەدوای خۆیدا ھێناوە.
ئێمە لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان وێرای دەربڕینی ھاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی دڵخەمێنی ژینای جوانەمەرگ بە تایبەتی دایک و باوکی بەڕێزیان،سەرەخۆشی لەخەڵکی بەشەرەفی سەقز دەکەین و لە یەزدانی مەزن داواکارین رۆحی بێگەردی ئەم گوڵە ھەڵوەریوە بەبەھەشتی بەرین شاد بکات و سوکنایی بە دڵ و دەروونی پڕ لەخەم وپەژارەی کەس و کاری ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان
لە پەرلەمانی کوردستان


هەواڵی زیاتر