راگەیەنراوێک لەبزوتنەوەی گۆڕانەوه

17/10/2018

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەردو هێزە شكستخواردوەكەی هەرێم لە روداوی (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو كارەساتێكی گەورەیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هێنا و جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەرپرسیارێتی ئەو كارەساتە لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن ‌و فرمێسكی گەلی کوردیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی خۆیان بەكارهێنا.

بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر روداوی (16)ی ئۆکتۆبەری (2017) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوە"روداوی (۱٦)ی ئۆکتۆبەر، لەحەقیقەتدا دو روداوی لەدوای یەکە؛ یەکەمیان سیاسییە بەسەرکردایەتی پارتی کە بریتی یە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەکاتیکی نەگونجاو دا. دوەمیشیان هێرش و پەلاماری هێزەکانی عێراقە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەو، رێککەوتنی تاکلایەنەی نهێنی نێوان یەکێتی و حکومەتی بەغدایە. ئەم یادە زامی رادەستکردنی شەنگال و خوشک و برا یەزیدییەکانمان وەبیردێنێتەوە لە جەستەی شەکەتی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئەو دو حیزبە".

بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات؛ پێشتر كورد دەسەڵاتی ئەمنی و تا ئاستێكی زۆری ئیداری شاری كەركوك و ناوچە دابراوەكانی تری بەدەستەوە بو، كە بەخوێنی دەیان هەزار شەهیدی خەباتی شاخ و زەمانی روخانی بەعس و شەڕی تیرۆریستانی داعش هاتبونە دی، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەفقەیەكی حیزبی و سیاسی دا، تەواوی ئەوناوچانەیان، كە نزیكەی (51%)ی سنوری خاكی باشوری كوردستانە، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەكێتی‌ یەوە ئەو دەسكەوتانەیان لەدەست دا. كە بەرپرسیارێتی ئەم كارەساتەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن‌و فرمێسكی گەلەكەمانیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی خۆیان بەكارهێنا.



راگەیەنراوێک لەبزوتنەوەی گۆڕانەوه

هاونیشتمانیانی كوردستان
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر روداوی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 تێدەپەرێت، كە هەردو هێزە شكستخواردوەكەی هەرێم (یەكێتی و پارتی) ، كارەساتێكی گەورەیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هێناو، شاری كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانیەكانیە دابڕێنراوەکانیان، تەسلیمی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد!

روداوی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، لەحەقیقەتدا دو روداوی لەدوای یەکە؛ یەکەمیان سیاسییە بەسەرکردایەتی پارتی کە بریتی یە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەکاتیکی نەگونجاو دا. دوەمیشیان هێرش و پەلاماری هێزەکانی عێراقە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەو، رێککەوتنی تاکلایەنەی نهێنی نێوان یەکێتی و حکومەتی بەغدایە. ئەم یادە زامی رادەستکردنی شەنگال و خوشک و برا یەزیدییەکانمان وەبیردێنێتەوە لە جەستەی شەکەتی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئەو دو حیزبە.

پێشتر كورد دەسەڵاتی ئەمنی و تا ئاستێكی زۆری ئیداری شاری كەركوك و ناوچە دابراوەكانی تری بەدەستەوە بو، كە بەخوێنی دەیان هەزار شەهیدی خەباتی شاخ و زەمانی روخانی بەعس و شەڕی تیرۆریستانی داعش هاتبونە دی، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەفقەیەكی حیزبی و سیاسی دا، تەواوی ئەوناوچانەیان، كە نزیكەی (51%)ی سنوری خاكی باشوری كوردستانە، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەكێتی‌ یەوە ئەو دەسكەوتانەیان لەدەست دا. كە بەرپرسیارێتی ئەم كارەساتەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن‌و فرمێسكی گەلەكەمانیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی خۆیان بەكارهێنا.

لەم ساڵڕۆژە خەمناكەدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین كە:
یەك: حكومەتی ئیتیحادی عێراق کە بە هێزی سەربازی هەڵیکوتایە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، پێشێلی گەورەی یاسای کردوە، کە بەدەقی دەستوری مەنعی کردوە هێزی سەربازی لە یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان پێکهاتەکان بکاربهێنرێ و ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا کەبەدیار چاوی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامیداو هاوپەیمانانیش روڵی تەماشاکەریان بینی.. دوبارە بەتوندی ئیدانەی دەکەین و پێیان رادەگەیەنین، ئەگەرکوردو هێزی پێشمەرگە، ئەو ناوچانەیان رزگارو نەپاراستایە بێگومان بەدەست هێزی تیرۆریستی داعشەوە دەبو و، چارەنوسی رزگارکردنیشی وەک و شاری موسڵ وێران و خراپتر دەبو. ئایا پاداشتی کوردو پێشمەرگەتان لەرزگارکردن و پاراستنی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئاوا دایەوە!

دو: پێویستە حكومەتی بەغداد، رێز لە بنەماكانی دەستور بگرێ‌ و شاری كەركوك و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەكان، لەروی ئەمنی و كارگێڕییەوە، بەهاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەرێوەببرێن و ئەو دۆخە ئەمنی و عەسكەرتارییەتەی كە هێشتا بەناو شارەكانەوە دیارە كۆتایی پێبێ و دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەگشتی ئاسایی بکرێتەوە.

سێ: پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان دان بە هەڵەی ئەنجامدانی كاتی نەگونجاوی ریفراندۆمدا بنێت، كە بوە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دان بە هەڵەی سەفقەی ژێر بەژێری حیزبیی تەسلیمكردنەوەی كەركوك دا بنێت. كە ئەو سیاسەتەیان تاوانێكە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەی (ناپاکی نەتەوەیی) یەوە.

چوار: داوا دەكەین بەزویی و لەسەر بنەمای بەژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خەڵكی كەركوك، یەكێتی و پارتی و کۆی پێکهاتە سیاسیەکان رێك بكەون لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ كەركوك، کە لەم دۆخە خراپەدا هەمو رۆژێك دواخستنی ئەو بابەتە، بەزیانی دۆزی نەتەوەیی كوردو خەڵكی كەركوك دەشكێتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی پێویستە ئەو دو حیزبە جۆری مامەڵەکردنیان لەئیدارەی کەرکوک لەبەرامبەر (تورکمان و عەرەب و کلدوئاشوری) بگۆڕن، بەئامانجی بەدەستهێنانی سۆزو پشتیوانی سیاسی ئەو پێکهاتانە، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی یەکێتی و پارتی یەوە ئەو پێکهاتانە یان لەکورد بوغزاندوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
16_10_2018


هەواڵی زیاتر