راگەیەنراوێک لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

21/10/2018

ڕاگەیەندراوی فەرمی

دەقی راگەیەنراوەکە
راگەیەنراوێک لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ئەمڕۆ، (20/10/2018)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران ‌و بڕیاریان لەبارەوە درا.

کوردستان‌ و عێراق ‌و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت ‌و گەلەکەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان ‌و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشە و قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستا و داهاتوی کرد.

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ‌و دەرهاویشتەکانی یەکێک بو لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە. هەروەها هەڵسەنگاندن‌ و پێداچونەوە بە کارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێکی دیکەی  کۆبونەوەکە بو.

هاوڵاتیانی کوردستان...
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌ و رێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ‌و حوکمڕانیان ‌و ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەکاری ‌و پێشێلکارییانەی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەنجامدران، کاریگەری‌ و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردن ‌و پرۆسەی سیاسی‌ و ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان دروست کرد.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی کوردستان‌و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین کە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرد. سوپاس‌و پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە شێلگیرانە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان کرد. لە هەمان کاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین بۆ هەر کەموکوڕی‌و کەمتەرخەمییەک کە لەلایەن ئێمەوە بوبێ‌و کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست کردبێت. 

جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن‌و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێت‌و هەمو بژاردەیەک لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا.


  بزوتنەوەی گۆڕان
   20/10/201


هەواڵی زیاتر