بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە یادی ڕاپەڕین ڕامانبچڵەکێنێت
05/03/2023
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەهۆى سیاسەتى هەڵە و نەبونى ستراتیژى
نیشتیمانییەوە، ئامانجەکانى راپەڕین بەلاڕێدا براون و پێویستە یادى راپەڕین
ڕامانبچڵەکێنێت، دەشڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان، کە دوایین پرۆژەى سیاسی ئەندازیارى
راپەڕینە، وەک هێزێکى نیشتمانیى بەرپرسیار بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوام دەبێت
لە خەباتی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، بۆ بە نیشتیمانیکردنی هێزی
پێشمەرگە و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵى.
بزوتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەى یادى (32) ساڵەى راپەڕین، جەخت
دەکاتەوە لەوەى حیزبایەتى بەرتەسک و ململانێى شەخسی و کارنەکردن بۆ پاراستنى
بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان؛ بوەتە هۆکاری ستەمى سیاسی و ئابورى و پێگە
و ناوبانگی هەرێمى کوردستانى لە ڕووى نێودەوڵەتییەوە لاواز و خەوشدار کردوە.
ئاماژە بەوەش دەکات؛ متمانەى سیاسی لەناوخۆدا و ناوبانگى هەرێم لە
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى کە دوو پایەى سەرەکى و بنچینەیی پاراستنى هەرێمى کوردستانن، بەهۆی
خراپی ئیدارەدان و هەژمونی پارتی و یەکێتی بەسەر دامەزراوەکان و هێزەکانی پێشمەرگە
لاواز و لەرزۆک بون.
هەروەک ئەوە بیر دێنێتەوە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا (ئەندازیارى ڕاپەڕین)،
درکى بە مەترسییەکانى عەقڵى بەرتەسکى حیزبى و کەسى کرد بو، لەسەر ئەو بنەمایە بۆ
بە لاڕێدانەبردنی ئامانجەکانى ڕاپەرین؛ چەندین هەنگاوى گرنگ و پڕۆژەى ستراتیژى
نیشتمانى و دەوڵەتسازیی پێشکەشکرد، لەو چوارچێوەیەدا، بزوتنەوەى گۆڕان، کە دوایین
پرۆژەى سیاسی کاک نەوشیروانە، وەک هێزێکى نیشتمانیى بەرپرسیار؛ بە ئیرادەیەکی
بەهێزەوە بەردەوام دەبێت لە خەباتی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، بۆ
بە نیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵى.
دەقى
راگەیەندراوەکە:
ڕاپەینى خەڵکى
کوردستان، وەرچەرخانى گرنگ بو لە خەباتى پێکەوەیی هاونیشتمانیانى کوردستان و
وەستانەوە دژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی پێشوی عێراق، ئەگەرچى بەهێزى و دڕندەیى ئەو
ڕژێمە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا کەم وێنە بو، بەڵام خەڵک و پێشمەرگە و ڕێکخستنە
نھێنییەکان و شانە چەکدارەکان، بەئیرادەیەکی یەکگرتوی پتەوەوە شکستیان بە ڕژێمی
بەعس هێنا و خەباتی ڕزگاریی نیشتمانییان سەرخست.
ئەمرۆ، کە یادى
(٣٢) ساڵەى ئەو ڕاپەرینە مەزنە دەکەینەوە، کە پڕشکەکەی لە ڕانیەی دهروازهی راپهڕینهوه
بڵێسەى سەند و لە ماوەیەکی کەمدا شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و هەڵەبجە
ئازادکران، لە رۆژی نەورۆزیشدا کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لە سەرنا، ئامانجەکانى بریتی
بو لە دروستکردن و بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، بونی دەسەڵاتى دادوەرى
سەربەخۆ و پەرلەمانێکی کارا بو، کە نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى دەنگی هاونیشتمانیان
بکات و چاودێر بێت بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، هاوکات حوکمڕانی هەرێم بنەماکانی
یەکسانی و دادپەروەری گەشەپێبدات و خێر و بێرى هەرێم؛ دادپەروەرانە بخرێتە خزمەتى
هاونیشتمانیان، ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و ڕۆژنامەوانی بەرفران بێت و
کەرامەتى مرۆڤ ڕێز لێگراوبێت، بەڵام بەداخەوە، تا ئەمرۆش بەهۆى سیاسیەتى هەڵە و
نەبوونى ستراتیژى نیشتمانی؛ ئامانجانەکانی ڕاپەڕین بەلاڕێدا براون و ژیان و
گوزەرانی هاوڵاتیان لە ئاستێکی خراپدا ماوەتەوە.
دواى (٣٢) ساڵ
لە ڕاپەرین، حیزبایەتى بەرتەسک و ململانێى شەخسی و کارنەکردن بۆ پاراستنى
بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان؛ بوەتە هۆکاری ستەمى سیاسی و ئابورى،
دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داهات، نەبونى شەفافیەت و گەندەڵی بەربڵاو،
لاوازبونی متمانەی هاونیشتمانیان بە دامەزراوەکانی حوکمڕانی، سەربارى ئەو نەنگیانە
پاشەکشێی ئازادییەکان و زیادبونی پێشێلکارییەکانى مافی مرۆڤ، پێگە و ناوبانگی
هەرێمى کوردستان لە ڕووى نێودەوڵەتییەوە لاواز و خەوشدار کردوە.
لەم یادە
مەزنەدا، ئەو ڕاستییە بە بیردەهێنینەوە، لەسەرەتاکانى ڕاپەڕیندا بەرەی کوردستانی
هەنگاوی پێویستی نا بۆ گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەنگدان،
دواى قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیش ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ئەندازیارى ڕاپەڕین،
درکى بە مەترسییەکانى عەقلى بەرتەسکى حیزبى و کەسى کرد بو، لەسەر ئەو بنەمایە بۆ
بە لاڕێدانەبردنی ئامانجەکانى ڕاپەرین؛ چەندین هەنگاوى گرنگ و پڕۆژەى ستراتیژى نیشتمانى
و دەوڵەتسازیی پێشکەشکرد، لەو چوارچێوەیەدا، بزوتنەوەى گۆڕان، کە دوایین پرۆژەى
سیاسی کاک نەوشیروانە، وەک هێزێکى نیشتمانیى بەرپرسیار؛ بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە
بەردەوام دەبێت لە خەباتی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، بۆ بە
نیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵى، بۆ پشتیوانیکردن لە
مافەکانى مرۆڤ و ئازادی و ئازادى بیرو ڕا و بەرقەراربوونى دادپەروەرى.
لەکۆتاییدا،
جەخت دەکەینەوە متمانەى سیاسی لەناوخۆدا و ناوبانگى هەرێم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى،
دوو پایەى سەرەکى و بنچینەیی پاراستنى هەرێمى کوردستانن، بەداخەوە هەردوو پایەکە
لەئێستادا بەهۆی خراپی ئیدارەدان و هەژمونی پارتی و یەکێتی بەسەر دامەزراوەکان و
هێزەکانی پێشمەرگە لاواز و لەرزۆک بون، هەربۆیە یادى ڕاپەرین پێویستە
ڕامانبچڵەکێنێت و هەست بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی بکەین بۆ باشترکردنى سیستەمى
حوکمڕانی و چارەسەرکردنی کێشەکان و چاکسازی گشتگیر، کە لایەنیکەم یارمەتیدەری
دروستکردنەوەی جۆرێک لە متمانەی هاونیشتمانیان بێت، بەشێوەیەک زەمینەسازی بکرێت بۆ
ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد، کە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ئیرادەی دەنگدەرانی
هەرێمى کوردستان بێت.
بزوتنەوەی
گۆڕان
٥ی ئازاری ٢٠٢٣