بزوتنەوەی گۆڕان: داهاتی نەوت بۆ خزمەتی خەڵک و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بێت
04/04/2023
ڕاگەیەندراوی فەرمی
ئەمڕۆ (٣٢) ساڵ
تێدەپەڕێت، بەسەر چۆڵکردنی تەواوەتی شاروشارۆچکەکانی هەرێم و کۆڕەوی ملیۆنی، وەک
نا-یەکی دەستەجەمعی بۆ ڕەتکردنەوەی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس، کە ئەنجامەکەی بە دەرکردنی
بڕيارى (٦٨٨)ى ئهنجومهنى ئاسايشی نێودهوڵهتى و دروستکردنی پەرژینێکی نێودەوڵەتی،
بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەر دەستدرێژییەک تەواو بو.
کۆڕەو وەرچەرخانێکى
گرنگ بو لە مێژوی خەڵکى کوردستان و کاریگەریەکەی بە ئەندازەیەک بو؛ میدیاى جیهانى
ناچارکرد لەپاڵ ڕوماڵکردنی ڕوداوەکە، تاوانە یەک لەدواییەکەکانى ڕژێمی بەعسی بەرامبەر
گەلی کورد ئاشکرا کرد و ڕاىگشتى جیهانی بەشێوەیەک خوڵقاند، شوناسێکی جیهانی بە بەر
دۆزە ڕەواکەیدا کرد.
ئەمساڵ لە کاتێکدا
یادى ئەم هەڵوێستە مەزنەی گەلەکەمان دەکەینەوە، هەرێمى کوردستان دەرگیری کۆمەڵێک قەیران
و کێشەی ناوخۆیی و دەرەکییە، بەشێک لە میدیا جیهانیەکان، دۆستەکانى کورد لەکۆمەڵگەى
نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ؛ ڕەخنە لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم و مامەڵەی دەسەڵاتداران
سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و پرسە دیموکراتیەکان دەگرن، بەشێکی دیکەشیان
هۆشیاری دەدەن، ئەگەر بە خۆماندا نەچینەوە، هەمو ئەو دەستکەوتانەی بە قوربانیدانی
میللەتەکەمان و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستهاتوە؛ لەبەردەم مەترسی و ئاڵنگاریدان.
لێرەوە، بەرپرسیارێتی
نیشتیمانی و نەتەوەیی وادەخوازێت؛ لەبری ململانێی حیزبی و کەسی، لەبری شەڕکردن بۆ
بەرژەوەندی تایبەت و گروپ گروپێنە، بە جدی بەپیر داخوازییەکانی خەڵکەوە بچین و
چاکسازییە ناوخۆییەکان وەڵامگۆی داواکارییەکانی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت،
هاوکات لە پرسی ئیدارەدانی مەلەفی نەوتیش ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی باشترین
بژاردەیە، بەشێوەیەک لەسەر بنچینەی دەستور و پاراستنی مافی کورد و شایستە داراییەکانی
هەرێم بێت، داهاتەکەشی بۆ خزمەتی خەڵک و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
٤ی نیسانی ٢٠٢٣