بزوتنەوەی گۆڕان: لەیادی ئەنفال قەرەبوکردنەوە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ قوربانیان
14/04/2023
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەکاتێکدا ساڵیادى تاوانى ئەنفال دەکەینەوە،
ئاسەوارە مەترسیدارەکانى ئەو تاوانە وەک خۆى ماون، داپشتگوێخستنى ماف و داواکاری کەسوکار
و قوربانیانیش لە قەرەبوکردنەوە و دابینکردنى ژیانێکى شکۆمەندانە و هێنانەوەى ڕوفاتی
ئازیزانیان؛ نیشاندەرى کەمتەرخەمى هەرێم و خەمساردى حکومەتی ئیتیحادییە.
بزوتنەوەى گۆڕان لەو پەیامەدا راگەیەندراوەدا کە بەبۆنەى ساڵیادى تاوانى
ئەنفالەوە بڵاوى کردەوە، دەڵێت: ئەنجامێکی شۆکهێنەرە، کە ساڵانە یادى ئەم تاوان و
جینۆساید و کۆمەڵکوژییەی نەتەوەکەمان دەکرێتەوە؛ لە بری وانەوەرگرتن و ھەوڵدان بۆ
بنیاتنانى حکومەتی هاوڵاتی و دامەزراوەی نیشتیمانی و پتەوکردنى سیستهمێكی دیموكراتی،
مامەڵەی خراپی حیزبی و پێشخستنى بەرژەوەندی گروپ و دەستەکان جێگەی بە بەرژەوەندیە
نەتەوەییەکان لەق کردوە.
هەروەک جەخت دەکاتەوە: بزوتنەوەی گۆڕان بەدرێژایی سیانزە ساڵى ڕابردو، بە چەندین
پڕۆژەی نیشتیمانی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم هاتوەتە مەیدان،
بەئامانجی دورخستنەوەی مەترسیەکان و دوبارەنەبونەوەی مێژوی تاڵ و ماڵوێرانی، بۆ ئەو
مەبەستە هەوڵی ڕژد دراوە بۆ نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان، شەفافیەتى داهات و شێوازی
خەرجکردن، ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی، بەڵام بەداخەوە کەمترین وەڵامدانەوەی ئەرێنی
بۆ خواست و ویستە نیشتیمانییەکان هەبوە و هەرێمی کوردستان لە لێواری مەترسی و
نائارامی ناوخۆیی و دەرەکیدا ماوەتەوە.
ئەمڕۆ (٣٥) ساڵ تێدەپەرێت
بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالی ڕژێمى بەعسى لە ناوچوو، بەرامبەر نەتەوەی کورد.
لە کاتێکدا، ئەم تاوانە
وەبیردەهێنینەوە؛ هەموان گەواهیدەرى ئەوەین ئاسەوارە مەترسیدارەکانى
تاوانى ئەنفال وەک خۆى ماون، داواکاری کەسوکارى ئەنفالکراوەکان هەمان ئەو
داواکارییانەن، کە (٣٢) ساڵ دواى ڕاپەرین و (٢٠) ساڵ دواى لە ناوچوونى ڕژێمى بەعس
هاواریان بۆ کردوە.
پشتگوێخستنى ماف و داواکاری کەسوکار و قوربانیانى ئەو تاوانە گەورەیە لە قەرەبوکردنەوە
و دابینکردنى ژیانێکى شکۆمەندانە و هێنانەوەى ڕوفاتی ئازیزانیان؛ نیشاندەرى کەمتەرخەمى
و بێباکى کابینە یەک لەدوایەکەکانى حکومەتى هەرێم و خەمساردى حکومەتی ئیتیحادییە،
هەربۆیە دەبێت هەردوو حکومەت بەجدی کار بۆ سڕینەوەى ئاسەوارەکانى ئەو تاوانە دڕندانەیە
بکەن و بەدەنگ خواست و داواکاریەکانى کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە بچن.
ئەنجامێکی شۆکهێنەرە، کە ساڵانە یادى ئەم تاوان و جینۆساید و کۆمەڵکوژییەی
نەتەوەکەمان دەکرێتەوە؛ لە بری وانەوەرگرتن و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانى حکومەتی هاوڵاتی
و دامەزراوەی نیشتیمانی و پتەوکردنى سیستهمێكی دیموكراتی، کە تێیدا؛ دادپەروەری و
خۆشگوزەرانی و سهقامگیری سیاسی ڕەنگبداتەوە، بەپێچەوانەوە مامەڵەی خراپی حیزبی و پێشخستنى بەرژەوەندی
گروپ و دەستەکان جێگەی بە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان لەق کردوە و ژیان و گوزەرانی
هاونیشتیمانیان لە پەراوێزدا ماوەتەوە.
لەو سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەدرێژایی سیانزە ساڵى ڕابردو، بە چەندین پڕۆژەی
نیشتیمانی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم هاتوەتە مەیدان، بەئامانجی
دورخستنەوەی مەترسیەکان و دوبارەنەبونەوەی مێژوی تاڵ و ماڵوێرانی، بۆ ئەو مەبەستە
هەوڵی ڕژد دراوە بۆ نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان، شەفافیەتى داهات و شێوازی خەرجکردن،
ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی، بەڵام بەداخەوە کەمترین وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ
خواست و ویستە نیشتیمانییەکان هەبوە و هەرێمی کوردستان لە لێواری مەترسی و نائارامی
ناوخۆیی و دەرەکیدا ماوەتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی ٤ی ٢٠٢٣