بزوتنەوەى گۆڕان: ناکرێت ململانێکان قوڵتر بکرێنەوە و کێشەی نێوان دوو حیزب بکرێتە بارێکی گرانتر بەسەر ژیانی خەڵکەوە

20/04/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆزبێت..
‎بەبۆنەى هاتنى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەى هاونیشتمانیانى هەرێم و تەواوى مسوڵمانان و دەکەین، هیواخوازین ئەم جەژنە ببێتەهۆى تەبایی و پێکەوەژیان، بەشێوەیەک ئاشتى کۆمەڵایەتی بەرقەراربێت و هاونیشتمانیان ڕۆژەکانى جەژن بەو پەڕی خۆشی و ئاسودەیەوە بەڕێبکەن.
‎ئەم مانگە پیرۆزە و جەژن دەرفەتێکە بۆ بەیەکەوە کارکردن و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتی و ئارامی و لێکگەیشتنى زیاتری نێوان هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، نەک بەپێچەوانەوە لەم کاتەدا ململانێکان قوڵتر بکرێنەوە و کێشەی نێوان دوو حیزب بکرێتە بارێکی گرانتر بەسەر ژیانی خەڵکەوە.
‎لە دیدى بزوتنەوەى گۆڕانەوە بەرژەوەندى باڵاى خەڵک و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان لە هەمو ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانە گەورەترە کە ململانێى لەسەرە، بۆیە مەترسییەکان و دۆخى هەرێم وادەخوازێت، لەم بۆنە پیرۆزەدا لە هەموو کات زیاتر هێزە سیاسییە باڵادەستەکان بەرپرسیارانەتر و دور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی هەڵسوکەوت بکەن و ئەم ئەم بۆنە پیرۆزەش بکەین بە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
‎لە کاتێکدا پیرۆزباییمان دووپاتدەکەینەوە، هێزە باڵادەستەکانیش دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی و داوایان لێدەکەین گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەبەرچاو بگرن و بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمى کوردستان بکەنەوە و کاری لە پێشینەیان پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان بێت نەک بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان، بیرێکی ڕژدیش لە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان بکەینەوە، کە ئەمە لەبەرژەوەندی ئەوانیشدایە.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر