لە ٢٥ی ٧دا .. گۆڕان بەهێزبێت؛ سەنگەری پشتیوانی خەڵک بەهێزە

25/07/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

لە ساڵیادى یەکەم بەشدارى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕاندا لە (25/7)، بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان بەهێزبێت، سەنگەری پشتیوانی خەڵک بەهێزە و دەشڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی دروستبوونیەوە ئەم دەردانەی دەستنیشان کردووە و دەرمانەکەشی لە چوارچێوەی پاکێجی ڕون و میکانیزمی جێبەجێکردنی خستەوەتەڕوو، باوەڕی نەپساوی ئێمە ئەمەیە: هەرگیز درەنگ نیە بۆ گۆڕانکاری و پشت بەستن بە خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ ئاڵنگارییەکان هەڕەشەن، بەڵام پڕن لە دەرفەت بۆ کارکردن لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نیشتیمانی.

دەقى راگەیەندراوەکە:
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست ..
گۆڕانخواز و هەڵسوڕاوان ..
(١٤) ساڵ لەمەوبەر ئەمڕۆ (٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩)، لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ یەکەمجار بەشداری خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و بە دەنگ و پشتیوانی خەڵک سەرکەوتنێکی مێژویی تۆمارکرد.
ئەم یادە، چیرۆکی سەرکەوتنی ئیرادەی هاونیشتیمانیان و دەنگی ئەو کۆمەڵە مرۆییەی هەرێمی کوردستانە، کە بازنەی پشتیوانی جەماوەریان بۆ بیناکردنی حوکمڕانی دروست و چاکسازی لە شێوازی فەرمانڕەوایی فراوان کرد، لەبەرامبەردا هەژمون و خواستی حیزبە فەرمانڕەواکانیان لە پرۆسەی سیاسیی سنوردار کرد.
هێزی بزوتنەوەی گۆڕان لە خەباتی مەدەنی و ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی و گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هەرێمی کوردستان بو، پاکێجەکانی چاکسازی و خستنەڕوی دەیان پڕۆژەی بەدیل بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی گەواهیدەری خەمخۆری گۆڕانە بۆ پڕۆسەی نیشتیمانسازی و بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکان و دورخستنەوەی مەترسیەکان.
لەگەڵئەوەشدا، بە درێژایی ئەو مێژوە پارتی و یەکێتی نەک بژاردەی چاکسازی و بەشێک لە بەرنامەی گۆڕانیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە تەدەخولیان لە کاروباری حکومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی قەزایی، هێزە چەکدارەکان، کۆمەڵگەی شارستانی، ئابوری و بازاڕ زیاتر کرد و دامەزراوەکانی حوکمڕانیان لەرزۆک و هەرێمی کوردستانیان لەناوخۆ و دەرەوەدا لاواز کرد.
پاش (١٤) ساڵ، هێشتا چوار بەربەستی سەرەکی لەمپەڕی بەردەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستانن:
یەکەم: سیستەمی سیاسی
بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا؛ هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیراندا دەخولێتەوە، چونکە نادادی کۆمەڵاتی و سیاسی، گەندەڵی، ناسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت و نەبونی هاوڵاتیبوون، سەرچاوەیەکی سیستەمی سیاسییە، ئەم سیستەمە پاداشتی خراپ و سزای باش دەدات!
دووەم: هێزی چەکداری حیزبی
یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان ملنەدانە بۆ ڕیفۆرم و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە چوارچێوەی سوپا و دامەزراوەی نیشتیمانیدا، ئەمڕۆ دەرفەتێکی گەورە هەیە، کە بە پشتیوانی هاوپەیمانان ئەم گۆڕانکارییە بکرێت، ئاماژەکان دەریدەخەن ئەم دەرفەتەش وا خەریکە لە دەست دەدرێت.
سێیەم: لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان
پەرلەمان بەهێز و خاوەن بڕیار بێت و ئەرکی نوێنەرایەتی، یاسادان و لێپرسینەوە وەک خۆی جێبەجێ بکات دەتوانێت هاوسەنگی بەهێز دروست بکات، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکی لۆژیکی جگە لە پشت کردن لە دیموکراسی رێک پێچەوانەی ئەمە پەرلەمانی کوردستان لاواز کراوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانیش لە کاتی خۆیدا لە ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتی زیانی گەورەی هەبووە.
چوارەم: پشت بەستن بە ئابوری نەوت
ئەمیش بەربەستێکی گەورەی بەردەم گۆڕانکارییە، چونکە نەوت کراوە بە ئامرازێک بۆ رێگری لە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە چەوتە هەرێمی کوردستانی کردووە بە دیلی حکومەتی فیدراڵی.
بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی دروستبوونیەوە ئەم دەردانەی دەستنیشان کردووە و دەرمانەکەشی لە چوارچێوەی پاکێجی ڕون و میکانیزمی جێبەجێکردنی خستەوەتەڕوو، باوەڕی نەپساوی ئێمە ئەمەیە: هەرگیز درەنگ نیە بۆ گۆڕانکاری و پشت بەستن بە خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ ئاڵنگارییەکان هەڕەشەن، بەڵام پڕن لە دەرفەت بۆ کارکردن لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نیشتیمانی.
هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیان ..
دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان ..
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی سەرکەوتنی فراکسیۆنی گۆڕان بە بیر دەهێنینەوە؛ هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی چارەنوسسازدایە، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە پەیوەندیدارە بە دەنگدانی دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێم، دووەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
هەردوو هەڵبژاردن لە کاتێکدایە ئاڵنگارییەکانی ناوخۆی هەرێم، کێشەی خاک و دەسەڵات و داهات لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی؛ یەکگوتاری کوردستانی و کۆدەنگی نیشتیمانی پێویست دەکات، بەشێوەیەک لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان پێویستمان بە یەکگرتویی و هاوپەیمانیەتی کوردستانییە، بۆ هەرێمیش سازانی نیشتیمانی و لابردنی لەمپەڕەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرەڕای ئەو پێشهاتە چاوەڕوانکراوانە، بەهۆی ململانێی حیزبی و سوربوونی پارتی و یەکێتی لەسەر فەرمانڕەواییەکی حیزبیانە و سازشنەکردن بۆ یەکتر؛ هەرێمی کوردستان روبەرووی داهاتوویەکی پڕ مەترسی  و دابەشبونی زیاتر و، ئاڵنگاری ناوخۆیی، عێراقی و هەرێمی دەبێتەوە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئۆباڵی شکستی مێژویی و لاوازبونی زیاتری قەوارەی دەستوری هەرێم دەخەینە ئەستۆیان.
لە کۆتایدا، جەخت دەکەینەوە بەدیلی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرنامە سیاسیەکەی هەر بزوتنەوەی گۆڕانە، هەربۆیە ئەم پڕۆژە سیاسیە نیشتیمانیە پێویستی بە خۆکۆکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە و پێداچونەوە هەیە، هەمو ئەم ڕێکارانەش پێویستی بە پشتیوانی زیاتری خەڵک و ئەو کارەکتەرە گرنگانەیە، کە پشودرێژ لەسەر بەهاکانی گۆڕان لە ناوەوە و دەرەوە ماونەتەوە و چاوەڕێی گۆڕانکارین، ئێستا کاتی ئەوەیە چاوەڕوانی تێپەڕێنین و هەموان بەیەکەوە گۆڕان بەهێزبکەینەوە و سەنگەری پشتیوانی خەڵک پتەو بکەینەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی ٧ی ٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر