بزوتنەوەى گۆڕان پیرۆزبایی دەکات و هۆشداریش دەدات لەپێناو باشکردنى ژیانى خەڵک
31/12/2023
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى بەردەوامیی قەیران و کێشە
چارەسەرنەکراوەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى هۆشدارى دەدات و
رێگەچارەى چارەسەرکردنى گرفتەکان رادەگەیەنێت.
لە پەیامێکى
پیرۆزباییدا بەبۆنەى هاتنى ساڵى نوێوە؛ بزوتنەوى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هاوڵاتیانی
هەرێمی کوردستان ساڵانێکە باجى بڕیار و سیاسەتى هەڵە و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی
نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی دەدەن؛ ساڵى ڕابردوشمان بە قەیرانى سەختى
دارایی و بێ موچەیی موچەخۆران و مامۆستایان بەڕێکرد، هەربۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێم
و لایەنە سیاسییەکانە لە غیابى پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا؛ حەکیمانە
و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە پلان و دیدگای نیشتیمانى و کوردستانی مامەڵە
لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی و لایەنە سیاسیە عێراقییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان بکەین.
دەقى
پەیامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان:
ساڵی نوێتان پیرۆزبێت..
بەبۆنەی هاتنی ساڵی
نوێی زاینی (2024)، پیرۆزباییەکی گەرم لە کریستیانەکان و، ھاوڵاتیانی ھەرێمی
کوردستان و ڕەوەندی کوردی و بەشەکانى دیکەى کوردستان، عێراق و مرۆڤایەتی دەکەین.
سەرەڕای دۆخی جەنگ و
ململانێ و کێشمەکێشی سیاسیی ناوچەکە، هاوکات نەبونی ئاشتی و سەقامگیری سیاسیی،
گەلەکەمان لەکاتێکدا پێدەنێتە ساڵى نوێوە؛ دەرگیری زنجیرەیەک قەیران و کێشە و
ئاڵنگارى و پێشهاتى چاوەڕوانکراوە، ئومێد دەکەین ساڵی نوێ ساڵی تێپەڕاندنی ئەو
ناخۆشی و ئاستەنگ و قەیرانانە بێت، ساڵی دروستبونی کۆدەنگیی نیشتمانی بە ئاراستەی
بونیادنانی حوکمڕانی دروست بێت، کە هاونیشتیمانیان لە سایەیدا حەساوە و
خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستیەکان بگەنە ئاستی چاوەڕوانکراو و دڵخوازی
هاوڵاتیان.
هاوڵاتیانی هەرێمی
کوردستان ساڵانێکە باجى بڕیار و سیاسەتى هەڵە و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان
حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی دەدەن؛ ساڵى ڕابردوشمان بە قەیرانى سەختى دارایی
و بێ موچەیی موچەخۆران و مامۆستایان بەڕێکرد، کە بەداخەوە واخەریکە ساڵێکی خوێندنی
قوتابیان و خوێندکارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەفەوتێت، هاوتەریب چارەنوسی
نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە عێراقدا بە نادیاری
ماونەوە، هەربۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێم و لایەنە سیاسییەکانە لە غیابى پەرلەمان و
ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا؛ حەکیمانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و، بە پلان و
دیدگای نیشتیمانى و کوردستانی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی و لایەنە سیاسیە
عێراقییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان بکەین.
لە کۆتایدا، دوبارە
پیرۆزبایی لە هەموتان دەکەین و ھیوادارین ساڵی نوێ؛ ساڵی خێر و خۆشی بۆ ھەمو لایەک
بێت.