د. یوسف محەمەد: پێوستە چاکسازی لە چەندین دۆسیەدا بکرێت کە گرنگترینیان دۆسیەی نەوتە
01/07/2020
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت: جگە لە رێککەوتنى هەرێم لەگەڵ بەغدا، هیچ بە دیلێکى تر بونى نیە، چونكە رێگای چارەسەری كێشەكانی هەرێم لە بەغدایە، نە لە ئەنكەرەیە و نە لە تارانە، مادام ئێمە لە چوارچێوەى عێراقداین، گرنگە ئەو مانەوەیە بگۆڕین بە دەستکەوت لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان.
د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (پەیسەر پرێس) دەڵێت: بۆئەوەی ڕێکەوتنێک لە بەرژەوەندی هەرێم و بەغداد ئەنجامبدرێت، دەبێت رێککەوتنێکى دورمەودا ئەنجام بدرێت و روانینى هەرێم بەرامبەر عێراق و عێراق بەرامبەر هەرێم بگۆڕێت، دەشڵێت: ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین لەبری ئەوەی مانەوەمان مانەوەیەكی ناچاری بێت كە ئێمە وا وێنا بكەین و دەمانەوێت لەم مانەوە ناچارییە رابكەین، گرنگە ئەم مانەوەیە بكرێتە دەستكەوت و دەرفەت بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان.
د.یوسف محەمەد، سەبارەت بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دەڵێت : سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكی پێشکەش بە نوێنەرانی گۆڕان کردوە لە حکومەت كە زۆر بە وردی هەمو وردەکاریەکی تێدایە بۆ هێنانەوەی داهاتی هەمو خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی دەوڵەت ، بۆیە پێویستە بە وردى کارى لەسەر بکەن.
لەبارەى پڕۆژەى چاکسازیشەوە، باسى لەوەکرد، "ئەگەر راست بێت كە ئیرادە هەبێت بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، ئەوا چاكسازی لە چەند دۆسێیەكدا گرنگن كە یەكەمیان دۆسێی نەوتە، چونکە پێویستی بە پێداچونەوەی بنچینەیی هەیە و هەرێم دەتوانێت سوود لە عێراق وەربگرێت بۆ ئەم پێداچونەوەیە، بەتایبەت ئاشکراکردنى رێککەوتنى (50) ساڵەى هەرێم لەگەڵ تورکیا لە کەرتى نەوتدا".
وتیشى: بەراستی من حەزم لە مزایەدە و لەوشتانە نییە، بەڵام كە هاتە سەر بڕینی قوتی خەڵك پێویستە هێڵی سور بێت، پێم سەیرە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان دەچێتە بڕینی موچەی سەدان هەزار هاوڵاتی، بەڵام ناتوانن چارەسەری كێشەی كۆمپانیای دەروازە سنورییەكان چارەسەر بكەن كە (10 بۆ 15) كۆمپانیان و تەنها بەوە دەتوانرا سەدان ملیۆن دۆلار بگەڕێندرێتەوە.