د. یوسف محه‌مه‌د و د.به‌هار مه‌حمود، موچه‌ی‌ خانه‌نشینیان ڕه‌تكرده‌وه‌ ‌

02/07/2020

د.یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، و د.به‌هار مه‌حمود، په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، ده‌ستبه‌رداری‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ بون.

له‌ نوسراوێكداكه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دیوانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ كردوه‌، د.یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، نوسیویه‌تی‌: ئاماژه‌ به‌ بڕگه‌كانی‌ چواره‌م و حه‌وته‌م له‌ ماده‌ی‌(7)ی‌ یاسای‌ چاكسازی‌ له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان-عێراق ژماره‌ (2)ی‌ ساڵی‌ 2020، به‌نده‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، مامه‌ڵه‌ی‌ خانه‌ نشینیم نه‌كردوه‌و ئێستا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقم، له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌م نوسراوه‌وه‌ ئاگادارتان ئه‌كه‌م كه‌ تا به‌دینه‌هاتنی‌ مه‌رجه‌ گشتیه‌كانی‌ خانه‌نشینی‌ خانه‌نشین نابم.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ د.یوسف ڕایگه‌یاندوه‌؛ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیش ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و دوای‌ ته‌واوبونی‌ كاری‌ په‌رله‌مانتاری‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ مامۆستای‌ زانكۆ.

لای‌ خۆشیه‌وه‌ د.به‌هار مه‌حمود، په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، نوسراوێكداكه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دیوانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ كردوه‌ و ڕایگه‌یاندوه؛ ده‌ستبه‌رداری‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌بێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌ (1-7-2020) وه‌ وەزارەتی دارایی هەنگاوەکانی یاسای چاکسازی خسته‌ بواری‌ جێبەجێکردنەوە، لە یەکێک لە بڕگەکانی یاساکەدا هاتووە؛ ئەندام پەرلەمان بۆی هەیە بە ئارەزومەندانە دەستبەرداری ماف و شایستەی خانەنشین بوون ببێت.



هەواڵی زیاتر