د.یوسف محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر گیرفانمان بۆ خانەنشینی هەڵدورایە لە ماڵەوە دادەنیشتین و موچەی خانەنشینیی زیاتری پەرلەمانی کوردستانمان وەردەگرت

04/07/2020

سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ نوسینێكدا ده‌ڵێت: ئەگەر مامەڵەی خانەنشینیمان بکردایە و ئەوەمان وەربگرتایە نزیکەی (9,600,000 نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار) دینار، زیاتر بو نەک تەنها لە خانەنشینیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵکو تەنانەت لە موچەی ئەندامێتییەکەشی کە هەشت ملیۆن دینار بو و، دواتر بۆ چەند مانگێک کەمکرایەوە بۆ شەش ملیۆن و نیو و، ئێستەش لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەی کە بڕیارە لە عێراق بکرێت، کەمتریش دەکرێتەوە.

د.یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ نوسینێكیداده‌ڵێت:  ئێمە ئەگەر گیرفانمان بۆ خانەنشینی هەڵدورایە، هەر لە ماڵەوە دادەنیشتین و موچەی خانەنشینیی زیاتری پەرلەمانی کوردستانمان وەردەگرت بێ هاتوچۆ و مەسرەف کردنی بەغدا و پێدانی ٣٠٪ی موچە بە بزوتنەوەی گۆڕان! تەنانەت ئەمانتوانی موچەی خانەنیشینیی پەرلەمانی کوردستان وەربگرین و موچەی ئەندامێتیی پەرلەمانی عێراق رەد بکەینەوە و لە پەرلەمانی عێراق دەوام بکەین و، ئەم حاڵەتە لە هەرێم (بەپێی مادەی ٣ لە یاسای خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٣ی ساڵی ١٩٩٩ی هەموار کراو کە لینکی دەقەکەی لە خوارەوە هاوپێچە) و لە بەغداش ڕێپێدراوە.

لەپێناوی چیدا وا ئەکەن!؟
د. یوسف محەمەد سادق
دوێنێ ٢/ ٧/ ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە وبەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠، لەگەڵ بەڕێز د. بەهار مەحمود، نوسراومان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بەپێی ڕێکارەکانی یاساکە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە دەسبەرداری خانەنشینیی تایبەت دەبین کە بەپێی بڕگەکانی چوارەم و حەوتەم لە مادەی ٧ی یاساکە پێویستە ئەندامانی خولی ئێستا و خولەکانی پیشوی پەرلەمانی کوردستان، لە ماوەی ئەم مانگەدا نوسراو بکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستبەردار بونی خۆبەخەشانە لە خانەنشینیی تایبەتی پەرلەمان و، لایەنە حکومییەکانیش مولزەم کراون کە ئەوانەی داواکاری پێشکەش ئەکەن، بگەڕێننەوە سەر کاری پێشویان. ئیتر لە دوای ئەوە، وەک هەمو جارەکانی تر، هەڵایەک دروست کراوە بۆ چەواشە کردن و بەلاڕێدا بردنی زەینی خەڵک، گوایە ئێمە دەستبەرداری خانەنشینیی پەرلەمانی کوردستان نەبوین و، خانەنشینی و موچەی پەرلەمانی عێراق چەورترە و، کۆمەڵێک قسەی لەم بابەتە.

هەڵبەت ئێمە دەزانین و چەند جاریش باسمان کردوە کە چاکسازیی ڕاستەقینە لە بواری خانەنشینی بریتییە لە بەرکار کردنی یاسای خانەنشینیی عێراقی یەکگرتو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموار کراو، لەبەر ئەوەی دادپەروەری لەنێوان موچەی خانەنشینیی پلە باڵا و موچەخۆرانی وەزیفەی گشتی دێنێتە کایەوە و، بە یەک هەل ومەرج و هاوکێشە مامەڵە لەگەڵ هەمویان ئەکات و هیچ ئاوارتەیەک بۆ کەس ناهێڵێتەوە. لە هەمان کاتدا موچە نزمەکانیش سودمەند دەبن و بەپێی ئەو یاسایە و هەموارەکەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردو، کەمترین موچەی خانەنشینی (500,000) پێنجسەد هەزار دینارە. ئەم یاسایە بەشێوەیەکی نادەستوری و نایاسایی لە ٢٠١٤ەوە لە هەرێم جێبەجێ ناکرێت و، حکومەت سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان هەر ئەوکات لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە بیانوی قەیرانی دارایی جێبەجێی نەکرد. لە لایەکی تریشەوە چاکسازیی ڕاستەقینە لە هەرێم، بەشێکی کەمی پەیوەندیی بە موچە و خانەنشینی هەیە، کە لە یاسای چاکسازییەکەش، تەنها پەرلەمانتاران سەرپشک کراون کە بە ئارەزومەندانە خانەنشینی ڕەد بکەنەوە، چاکسازیی ڕاستەقینە لە هەرێم زیاتر پەیوەندیی بە ئاشکرا کردنی داهاتەکانی هەرێم لەبواری نەوت و دەروازە سنورییەکان و گەڕاندنەوەی پارە تەهریب کراوەکانی دەرەوە و، ڕێکخستنەوەی باجی سەر کۆمپانیاکان و وەگرتنەوەی قەرزەکانیان هەیە کە ئێمە لە ماوەی کەمی ڕابردودا لە چەند وتار و کۆمێنتێک دا ئاماژەمان پێداوە.

لە چوارچێوەی ئەو هەڵایەی دوێنێ دروست کرا، NRT لە تیڤی و سایت و پەیجەکەیان چەند بابەتێکی ناڕاستی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمە کاری یەکەمجاریان نییە و، وەک پێشتریش ئەوە بڵاوکرایەوە بەشێکی کاری پەیجە فەیکەکانی نەوەی نوێ لە ماوەی ڕابردو، هێرش و چەواشەکاری بوە دژ بە ئێمە. لەڕاستیدا ئێمە زۆر تاقەت و کاتی وەڵام و شەڕی فەیسبوکمان نییە، بەڵام بۆ بەرچاوڕونیی هاوڕێیان و دۆستان و هاونیشتیمانیان، ئەم چەند خاڵە ئەخەینە ڕو:

1. ئەوە ئێستا نییە کە ئێمە دەستبەرداری خانەنشینیی سەرۆکی پەرلەمان بوین. بەڵکو هەر دوای تەواو بونی کارمان لە پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٨ و دوای هەڵبژاردنی خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستان، دەستبەرداری ئەو خانەنشینییە بوین. بۆ زانیاریی هەمو لایەک موچەی خانەنشینیی سەرۆکی پەرلەمان، ئەگەر مامەڵەی خانەنشینیمان بکردایە و ئەوەمان وەربگرتایە نزیکەی (9,600,000 نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار) دینار بو و، زیاتر بو نەک تەنها لە خانەنشینیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵکو تەنانەت لە موچەی ئەندامێتییەکەشی کە هەشت ملیۆن دینار بو و، دواتر بۆ چەند مانگێک کەمکرایەوە بۆ شەش ملیۆن و نیو و، ئێستەش لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەی کە بڕیارە لە عێراق بکرێت، کەمتریش دەکرێتەوە! کەواتە ئێمە ئەگەر گیرفانمان بۆ خانەنشینی هەڵدورایە، هەر لە ماڵەوە دادەنیشتین و موچەی خانەنشینیی زیاتری پەرلەمانی کوردستانمان وەردەگرت بێ هاتوچۆ و مەسرەف کردنی بەغدا و پێدانی ٣٠٪ی موچە بە بزوتنەوەی گۆڕان! تەنانەت ئەمانتوانی موچەی خانەنیشینیی پەرلەمانی کوردستان وەربگرین و موچەی ئەندامێتیی پەرلەمانی عێراق رەد بکەینەوە و لە پەرلەمانی عێراق دەوام بکەین و، ئەم حاڵەتە لە هەرێم (بەپێی مادەی ٣ لە یاسای خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٣ی ساڵی ١٩٩٩ی هەموار کراو کە لینکی دەقەکەی لە خوارەوە هاوپێچە) و لە بەغداش ڕێپێدراوە و، بەشێکی سەرکردەکانی عێراق کە پێشتر سەرۆکوەزیران یان وەزیر یان دادوەر بون و موچەی خانەنشینییەکەیان زیاترە وا دەکەن، گرنگ ئەوەیە یەک موچە وەربگریت، ئیتر خۆت سەرپشکیت لە هەڵبژاردنی هەریەکەیان. بەڵام ئێمە ئامانجمان خانەنشین بون و موچەی خانەنشینیی نۆ ملیۆنی نەبو و نییە نەک چوار ملیۆنی وەک ئەوەی باس کراوە. هەر بۆیەش دوای سوێند خواردنمان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ بەڕێز د. بەهار مەحمود نوسراومان کرد بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ وەستاندنی موچەمان لە هەرێم. تەنانەت لە سەرەتاوە بەندە بە تەما بوم نەچمە ئەنجومەنی نوێنەران و، ئەمویست بگەڕێمەوە بۆ زانکۆی سلێمانی، بڕوامان بە خۆمان و توانامان هەیە و پێش هاتنەوە بۆ ناو سیاسەتیش لە ٢٠١٠ لە زانکۆ پێگە و جێگەی خۆمان هەبوە و، وەک هەندێ لە هیچەوە نەهاتوین.

جا لێرە دیسانەوە هەروا بەناو مەکەونەوە و، موچەی کاتی سەرۆکایەتیمان بۆ حساب بکەن لەسەر خانەنشینییەکەی، چونکە (2,000,000) دو ملیۆنی موچەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبڕدرا بۆ مەسرەفی ئەو ئۆتۆمبیلانەی لامان بو و دواتر گەڕاندمانەوە. ئەمە جگە لە لێبڕینەکانی تری وەک خانەنشینی و باج و، ئێمە خۆشمان هەر لەسەرەتای دەستبەکار بونمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان خۆبەخشانە بەشێک لە موچەکەمان (1,250,000 دینار) بڕی بۆ هاوسەنگ کردنی موچە لە لەگەڵ ئەندامانی تری دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران. هەڵبەت هاوشێوەی سەرجەم موچەخۆران لە کاتی کەم کردنەوەی موچەشدا چارەکە موچەمان وەرگرتوە. هاوڵاتیی ئازیز تکایە لە ویژدانی خۆت بپرسە چەندن ئەوانەی لە یەک دیناری موچەی یاسایی خۆیان خۆش ئەبن لە دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات! ئێمە کردومانە و پێشتر هەر پێمان عەیبە بوە باسی بکەین تا ئێستا کە ئەم پرسە وروژێنراوە و، منەتیشمان بەسەر کەسەوە نەکردوە! ئەی لەپێناوی چیدا چەواشەکاریمان دژ ئەکرێت.

2. سەبارەت بە پاداشتی کۆتایی خزمەتی پەرلەمانتاریش کە دیسانەوە باس کراوەتەوە، لە ڕاستیدا نە ئاگاداری بوین و نە دوامان کردبو و، کە مامەڵەی خانەنشینیمان نەکرد بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوەشمان نەکرد. تومەز دیوانی پەرلەمان بێ ئاگاداریی ئێمە بەجیا نوسراویان بۆ پاداشتەکە کردوە و، نەمانزانی تا چوبویە سەر حسابمان و، کە زانیشمان لەڕێی بەڕێز ڕێباز حەسەن ژمێریاری پێشوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوامان لە ژمێریاریی پەرلەمان کرد بیگەڕێننەوە، لە وەڵامدا وتوبویان کە تازە ناتوانن. هەڵبەت ئەو پاداشتەش بەپێی یاسا موچەی شەش مانگە و، تەنها بۆ یەک جارە، هەرچەندە ئەندامێتی لە خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەماندا دوبارە ببێتەوە (بڕوانە بڕگەی ب لە مادەی ٢ی یاسای خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان). سەرباری ئەوەش ئێمە بەشێکی زۆری ئەو پاداشتەشمان بەخشییە کارمەندانی ڕاگەیاندنی گۆڕان کە بۆ ماوەیەکی زۆر بو موچەیان وەرنەگرتبو لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتیی کەمدەرامەت.

3. بەستنەوەی موچەی پاسەوان بە موچەی پەرلەمانتارەوە چەواشەکارییەکی گەورەی ترە و، موچەی پاسەوان هیی ئەوانەیە کە بە گرێبەستێک موچە وەردەگرن کە خۆیان لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران واژۆی ئەکەن و، لانی کەم بۆ ئێمە جگە لە موچەکەی خۆمان. ئەوی تری پێمان حەرام و نایاساییە. باشتر وابو NRT لەبری ئەم چەواشەکارییانە بڕۆن ڕاپۆرت لەسەر ئەو هەمو زەوییە بەنرخانەی سلێمانی بکات کە لە باشترین و گرانترین شوێنەکانی شاری سلێمانین و دراون بە بەشێک لە کۆمپانیاکان بە کۆمپانیای نالیاشەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی لە خزمەتی خەڵک پێدروست بکەن، کەچی کراونەتە کەرەستەی دەوڵەمەند کردنی چەند بازرگانێک و، هەڵتۆقینیان لە هیچەوە بۆ ملیۆنێری دۆلار! با بڕۆن لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کێ ناڵێ ئەم پڕۆژانە بەشێک نین لە سپی کردنەوەی پارەی گەندەڵیی بەرپرسانی هەرێم!؟ باشتر بو ڕاپۆرت لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتییە خاوەن پشکانە بکەن کە بە هۆی پشکەکانی چاڤی لاندەوە ماڵوێران بون. ئێمە شەیدای پۆست و پارە و سەفەقاتی ژێربەژێر و نهێنی نین و پەرێزمان لە ڕابڕدو و لە ئێستاش لای هەمو خەڵکی کوردستان ڕونە.

4. هەڵبەت ئەم هەڵایە هاوکات بو لەگەڵ جارێکی تر پەلاماردانەوەمان لە لایەن بەشێکی تەحالوفە پیسەکەی ساڵی ڕابردو وتارێکمان لەسەر نوسین. ئەمانە کە ترسی بەردەوامیان خۆشەویستیی جەماوەریمانە، هەمو پرسێک ئەقۆزنەوە بۆ هێرش کردنە سەرمان لە ڕێی کۆمەڵێک پاڵەوانی فەیک و پەیجی فەیکی فەیسبوک کە وەک تەلەفۆنی سەرجادەکان وان هەر کەسێک پارەیان تێبکات، بە دڵی ئەوان قسە ئەکەن و بە شان و باڵیان هەڵئەدەن و، ئەکەونە تەشهیر کردن بە رکەبەرەکانیان. هەڵبەت ئێمە هەمیشە بەڕێزەوە ڕەخنەمان قبوڵ کردوە و، بەئاگاین لەوەی هەمومان شایەنی هەڵە و لێکتێنەگەیشتنین، بەڵام ئەمانە مەبەستیان ڕەخنە نییە بەڵکو لە هەوڵی بەردەوامی نەزۆکی تیرۆری کەسایەتیمانن. ئەوانەی لە پشتی ئەم پاڵەوان و پەیجە فەیکانەوەن، جگە لە دەزگا هەواڵگرییەکانی حیزبە نەیارەکانمان (کە ماوەی پێنج ساڵە بێ دابڕان بەردەوامن دژمان)، تێکەڵەیەکن لە بازرگانی سیاسیی شکستخواردو کە تیایاندایە چەندان ساڵە بە نایاسایی موچەی خانەنشینیی پۆستێک وەرئەگرێ بێئەوەی ڕۆژێک لەو پۆستەدا بوبێ! ئەمانە بەشێکیان ئەوانەن کە لەپێناوی پۆست و پارە خۆیان فرۆشت و ئێستە هاتون بەو پارەیەی بە گەندەڵی کۆیانکردۆتەوە پەیجی فەیکی فەیسبوکیان دروست کردەوە بۆ پەلاماردانی ئێمە! خەڵک پەرێزی ئێمە و ئەوانیش باش ئەزانێت. تیایاندایە بە تەمای سەرۆک لیستی یان پۆستێک بون و بۆیان نەبوە! سەیر ئەوەیە کە بەشی زۆری ئەم پەلاماردانانەی ئێمە بە بێدەنگیی بەشێکی ئێستای ناو گۆڕانیش تێئەپەڕێت، هەروەک چۆن لە کاتی پەسەند کردنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتیی هەرێم (کە بە تەواوی کۆک بو لەگەڵ ئامانجەکانی گۆڕان وەک پێشتر ڕونمان کردۆتەوە)، هەندێکیان لای ئەندامانی جڤات و کەسانی تر خۆیان نەبان کردبو لە یاساکە و، وتوبویان ئاگامان لێی نییە بۆ ئەوەی ئەو چەواشەکارییە بڕوات کە گوایە ئێمە سەفقەمان کردوە لەگەڵ پارتی بۆ تێپەڕاندنی یاساکە و، زەمەنیش دەریخست کێ بەدوای پۆست و بەرپرسیاریی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەوەیە!؟ قسەی تر زۆرن بۆ کردن، بەڵام با بۆ ئێستە بەس بێت.
وازبێنن، خەڵک خۆی کێشەی زۆرن، بەداخەوە لەبری خەم خواردنی دۆخی نالەباری خەڵک و، بونی مەترسی بۆسەر ژیانیان، لەبری تیشک خستنەسەر ئیفلاسی سیاسی و ئابوری هەرێم، لەبری فشار کردن لەم دەسەڵاتە بۆ ڕاست کردنەوەی هەمو چەوتییەکانی، ناوەناوە بە بۆنە و بێ بۆنە کۆمەڵێک ئەکەونە پەلاماردانی ناڕەوامان کە خۆیان سیخناخن لە گەندەڵی. ئەگەر لە خەمی خەڵکن، سەرنج لەسەر پرسە ئەساسییەکانی ئێستای هەرێم مەگۆڕن بۆ شەڕی شەخسی و ئیرەیی و ڕق و قین.
تێوەنەگلان لە گەندەڵی لای ئێمە بەشێکە لە سروشتمان و، بەردەوام دەبین لەسەری..
پەراوێز:
یاسای خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٣ی ساڵی ١٩٩٩ی هەموار کراو، لە لینکی:
http://iraqld.hjc.iq:8080/LoadLawBook.aspx…
یان لە سایتی پەرلەمانی کوردستان لە لینکی:
https://www.parliament.krd/…/یاسای-ژماره-13-ی-ساڵی-1999ی-یا…

Image may contain: 1 person, closeup



هەواڵی زیاتر