عەدنان عوسمان: ئێمە بزوتنەوەی چاکسازین و دەمانەوێت ئەم چاکسازیە لەڕێگەی حکومەتەوە بکرێت

04/07/2020

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستان نەچێتە گیرفانی حیزب و کەسایەتیە حیزبیەکان و کۆمپانیاکانیانەوە، بچێتە گیرفانی حکومەتەوە و بەچاودێری پەرلەمان و چاودێری دارایی سەرفبکرێت، سەتا نەوەتی کێشەکانی خەڵک چارەسەرەبێت.

 عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیما بزوتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکیدا دەڵێت: تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی‌ وەزیران بە رونی‌ وتویەتی‌ ئەمە داهات و خەرجیەکانە و ئەوەندە دەبرێت و ئەوەندە دێتە خەزێنەی‌ حکومەت، لەگەڵ حیزبەکانیش ئەمەمان بە رونی‌ وتوە ئەمە تەنها قسەی‌ چاوپێکەوتن و فەیسبوک و تویتەر نییە، وتوشمانە کە نەک تەحەمولی‌ میللەت تەحەمولی‌ ئێمەش ئەوە نییە تا هەتایە هەر چاوەڕێ بین، بەڵکو دەبێت هەنگاوی‌ کرداری‌ بنرێت.

سکرتێری جڤاتی نیشتیما بزوتنەوەی گۆڕان، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ (سایتی سبەی) سەبارەت بە ڕۆڵی پەرلەمان دەڵێت: پەرلەمانی کوردوستان لە ئێستادا بوە بە بنکەیەکی ڕاگەیاندنی شەڕی ناوخۆ .

دەشڵێت: ئێمە حیزبی چاکسازین، دەمانەوێت ئەم چاکسازیە لەڕێگەی حکومەتەوە بکرێت، پێمانوایە بەشێکی گەورەی کێشەی هەرێمیش ئەوەیە خەزێنەی حیزب لە خەزێنەی دەوڵەت دەوڵەمەنترە و بەشێکی زۆری ناکۆکیەکانی ئێستاش دروستکراون بۆئەوەی چاکسازی نەکرێت.

سەبارەت بە پرسی لامەرکەزیی، ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن وتی: پێشتر ئێمە هەمواری یاسای پارێزگاکانمان پێشکەشی پەرلەمان کرد، بەڵام یەکێتی و پارتی نەهاتنە ژێرباری، شۆڕکردنەوەی‌ دەسەڵاتەکان لە پایتەختەوە بۆ پارێزگاکان و لەوێشەوە بۆ ئیدارە خۆجێیبەکان و لەوێشەوە بۆ ناحیەکان و هەتا گوند و گەڕەکەکانیش، ئەوە فەلسەفەی‌ ئێمەیە بۆ لامەرکەزی‌.



هەواڵی زیاتر