کاوە عەبدوڵا: دەبێت قەیران بە بەرنامە و پلان چارەسەر بکرێت نەک بە قەیران و پیلان
17/07/2020
رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئێمە نەک لەگەڵ کەمکردنەوەى موچەدا نین لەگەڵ ئەوەداین هەمو (30) رۆژ جارێک موچە بدرێت و کار بۆ چاکسازى گشتگیر دەکەین لە داهاتى نەوت و خاڵەسنوریەکان، چونکە بێ ئەوە هەنگاوەکان ئامانجى خۆى ناپێکێت.
کاوە عەبدوڵا، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سایتی(سبەى) ئاماژە بەوەدەکات: تیمى گۆڕان لە حکومەت دەنگ و رەنگى خەڵکن لە ئەنجومەنى وەزیراندا و داکۆکى لە بەرژەوەندیەکانى خەڵک دەکەن، دەشڵێت: ئەوان وەک بزوتنەوەی گۆڕان بە چاوى میللەت سەیرى حوکمڕانى دەکەن نەک چاوى بەرژەوەندى حزبى.
رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان، رەخنە لە سیاسەتى رابردوى پارتى و یەکێتى دەگرێت و ئەوەدەخاتەڕو کە ئەو دو حیزبە بە درێژایى چەند ساڵى حوکمڕانییان قەیران بە قەیران چارەسەر دەکەن لەکاتێکدا "دەبێت قەیران بە بەرنامە و پلان چارەسەر بکرێت نەک بە قەیران و پیلان، بۆیە بەرپرسیارى دۆخەکە یەکێتى و پارتین، بەڵام پێویستە بە دەستە جەمعى هەر سێ لایەنى ناو حکومەت و کۆمەڵ و یەکگرتوش پێکەوە دۆخەکە چاک بکەن".
.