ژوری حكومەت ڕێزلێنان پێشكەشی ئاوارە حەمەشەریف دەكات

25/01/2026

ژوری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان سوپاس و ڕێزلێنان پێشكەشی ئاوارە شەریف بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی زەڕایەن دەكات لەپای ئەو خزمەت و دڵسۆزیەی لە ماوەی ئەركەكەیدا پێشكەشی خەڵكی سنوورەكەی كردووە، رێكخەری ژوری حكومەت و مەكۆی شارەزوریش دەڵێن سەربەرزین بە توانا و ئەو خزمەتەی پێشكەشی كردووە و ستایشی هاوڵاتیان بۆ كارەكانی دەرخەری ئەوەیە بەرپرسێكی شایستە و لێهاتوە.

لە ڕێوڕەسمێكدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لە مەكۆی سەرەكی بۆی سازكرا، ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان سوپاس و پێزانین و ڕێزلێنانی پێشكەشی ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن كرد كە ماوەی پێنج ساڵ لە پۆستەكەیدا خزمەتی كرد.
كاوە عەبدوڵا رێكخەری ژووری حكومەت لە وتەیەكدا ستایشی رۆل و خزمەتی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی زەڕایەنی كرد و وتی: سەربەرزین كاك ئاوارە یەكێكە لەو كەسانەی بە شایەتی یار و نەیار، پێنج ساڵ هەموو توانای خستەگەڕ بۆ خزمەتی خەڵكی سنوورەكەی و لەگەڵ هەموو ئێش و ئازار و خۆشی و ناخۆشی و داواكارییەكاندا بووە و نمونەی كادیری دڵسۆز و خەمخۆری و بەرپرسیاری گۆڕان بووە كە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، بەخشینیشی لە پۆستەكەی بەهۆی گۆڕانبوون و خزمەتكردنیەوە بووە نەك شتی تر".
هاوكات عومەر حاجى على، باژێروانى شاره‌زوری بزوتنەوەی گۆڕان، دووپاتی كردەوە كە بەهەموو توانیانەوە پشتیوانی كاك ئاوارە بوون لە ئەركەكەیدا و ئەویش بە خەمخۆری و دڵسۆزی و دەست و داوێن پاكی وەڵامی داونەتەوە و وایكردووە شانازی بكەن بەو متمانەیەی پێی بەخشیون و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كردوون.

لای خۆیەوە ئاوارە حەمەڕەشید، وێڕای سوپاسی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كە متمانەی ئەوەی پێبەخشیوە نوێنەرایەتی بكات لەو ئەركە ئیداری و حكومییەدا و وتی: سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە لەو ماوەیەی لە ئەركدا بوم بەهەموو هێز و توانامەوە ئەو ئەرکەی پێم سپێردرابوو، توانیم بە سەربەرزانە جێبەجێی بكەم، چونكە لای ئێمە بەرپرسیارێتی نازناو و کورسی نەبوو، بەڵکو ئەمانەتێکی قورسی دینی، یاسایی، كارگێڕی و كۆمەڵایەتی بوو لەسەر شانمان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی خۆشەویستی ناحیەكەمان و هەموو هەوڵێکم ئەوە بوو بە دادپەروەری و دڵسۆزییەوە کار بکەم، خزمەتگوزارییەکان بگەیەنمە هەموو گەڕەك و كۆڵان و گوندێكی سنوورەكە".
وتیشی: ئێستاش سوپاسی زۆرم بۆ ئەم پێزانینەی ژوری حكومەت و بزوتنەوەی گۆڕان هەیە و دڵخۆشم كە جێی متمانە و پێزانینیان بووم و بۆ داهاتووش بەهەمان ڕۆحیەت و بنەماوە بەردەوام دەبم".


هەواڵی زیاتر