لە کۆبونەوەی ژورەکانی گۆڕان: لەگەڵ خەڵک و هاوپەیمانی خەڵکین

22/07/2020

ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە نیگەرانیەکانی خەڵک تێدەگەین و بەشداریشمان لە حکومەت لەسەر بنەمای چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵک بوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە 22تەموزی 2020 کۆبونەوەی ستافی ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دواین گۆڕانکارییە سیاسیەکان و پلادانان بۆ جێبەجێکردنی پلانکاری ژورەکان بەڕێوەچوو.

د.دەرباز محەمەد، سکرتێری کاروباری ژورەکان و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەکەدا جەختی کردوە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی بەشداری حکومەتمان کردوە، رێککەوتنیشمان لەم قۆناغەدا بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت و خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی بوە.

سکرتێری کاروباری ژورەکان وتیشی: هاوپەیمانی ئێمە، لەگەڵ یەکێتی و پارتی هاوپەیمانیەکی تەقلیدی نیە، بنەمای بەرنامەی حکومەتە، واتا هاوپەیمانی نیە بۆ بێدەنگبون لەسەر مافەکانی خەڵک، لە بنەڕەتدا ئێمە هاوپەیمانی خەڵکین.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان د. دەرباز ئاماژەی بەوەدا؛ ئێمە بەشدارنین لە خراپ ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو، بەڵام ئێستا خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە باشکردنی ژیانی خەڵک و فشار دروستکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قوڵەی بەڕۆکی میللەتەکەمان گرتوە. واتە ئێمە لەگەڵ خەڵک و هاوپەیمانی خەڵکین، بەم شێوەیەش دەمێنینەوە.

دواتریش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەناو بەشداربوان و ئەندام و ستافی ژورەکان ئەنجامدرا.

وێنە.. بڕیار نامیق



هەواڵی زیاتر