رونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان
12/08/2020
ئەمڕۆ، وەک چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان بۆ بەرزکردنەوەی داوا و داخوازییەکانیان خۆپیشاندانیان لە قەڵادزێ ئەنجامدا.
لەناو خۆپیشاندانەکاندا، ژمارەیەک لە گەنجان لە ژێر توڕەبون و فشاری کاتیدا روبەڕووی مەکۆی پشدەر بونەوە و زیانی مادیان پێگەیاند، لەبەرامبەریشدا پاسەوانەکانمان مامەڵەیەکی مەدەنیان لەگەڵ کردن و بێ هیچ کاردانەوە و زیانێکی گیانی ئەو ژمارە لە خۆپیشاندەرە شوێنەکەیان جێهێشت.
لە دوای ئەم روداوەوە، ئێمە رای دەگەیەنین:
١. داکۆکی لە ئازادییە مەدەنی و گشتیەکان دەکەین و پشتگیری هەمو رێکار و فشارێکی مەدەنی-ین بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانی خەڵک.
٢. لەگەڵ داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و موچەخۆرانین، تیمەکانیشمان لە حکومەت و پەرلەمانیش لەپێشەوەی ئەو لایەنانەن کە بەرگری لە ماف و داوای رەواکانی هاوڵاتیان دەکەن.
٣. ئەگەرچی زیانی مادی بە مەکۆکەمان گەیشتوە، بەڵام خۆشحاڵین خۆپیشاندەران سەلامەتن، چونکە ئەوان بە رۆڵەی خۆمان دەزانین. هاوکاتیش هەڵکوتانە سەر بارەگا و شوێنە گشتیەکان بەتایبەت بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان کە تەنیا هێز و رەوایەتی لە خەڵک وەرگرتوە، جگە لە بەلارێدابردنی ئامانجەکانی خۆپیشاندەران هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.
٤. دامەزراوە ئەمنیەکانی پشدەر بە بەرپرسیار و کەمتەرخەم دەزانین لە پاراستنی مەکۆکەمان و شوێنە گشتیەکان.
١٢ی٨ی٢٠٢٠