غالب محەمەد: باجی سەر کارتی مۆبایل هەڵبگرن

13/11/2018

پەرلەمانتارێکی
فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات باجی سەر کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت، چونکە بەهۆیەوە كۆمپانیاكانی
مۆبایل دەوڵەمەندتر دەبن و هاوڵاتیان زەرەمەندتر دەبن.

غالب محەمەد عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق، لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کردوە، رایگەیاندوە: بەهۆی
خراپبونی دۆخی ئابوریی و دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ساڵی (2015)، حکومەتی عیراق
چەندین جۆر باجی لە سەر هاوڵاتیان زیاد كردوە كە تەنها هاوڵاتیان زەرەمەند دەبن لە
وەرگرتنی باج و هیچ سودێكی ئەوەتۆی بۆیان نییە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ یەكێك لەو باجانەی كە لە سەر هاوڵاتیان زیاد كراوە باجی
كڕینی كارتی مۆبایلە كە بە رێژەی (20%) زیادی كردوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیاكانی وەك
(ئاسیاسێڵ، كۆڕەك، زێن) نرخی کارتی مۆبایلیان بە رێژەی (20%) لەسەر هاوڵاتیان زیادکردوە،
ئەوەش وایکردوە هاوڵاتیان زەرەمەند بن و كۆمپانیاكانیش دەوڵەمەندتر بن.

ئەو پەرلەمانتارەی
فراکسیۆنی گۆڕان، جەختی کردوەتەوە کە  بەپێی (مادەی 19-بەندی
یەكەم) لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (2019) و خشتەی (2-بەندی22) ئەو داهاتەی
لە كارتی مۆبایل دەستدەكەوێت زیاتر (858) ملیار دینارە.

د.غالب محەمەد ئاماژەی
بەوەکردوە؛ ناکرێت حكومەت کە تاكە سەرچاوەی داهاتی نەوتە، شکستی خۆی
بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بكاتە بار بە سەر هاوڵاتیانەوە، یان دەتوانێت داوای
ئەو پارەیە بكاتەوە لە كۆمپانیاكان كە چەندین ساڵە قەرزداری حكومەتن وەك كۆمپانیای
كۆڕەك، لەبری ئەوەی باجی زیاتر بەسپێنێت و هاوڵاتیان ئەو باجە بدەن، لەبری
کۆمپانیاکان.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان، داوا لە لیژنەی دارایی دەکات لە پڕۆە
یاسای بودجەدا بە زوترین كات باج لە سەر كارتی مۆبایل هەڵبگیرێت و دەوڵەت وەك دەوڵەت
كار بكات نەك وەك دوكاندارێك.


هەواڵی زیاتر