قەربوکردنەوەی زیانی لافاوەکەی پشدەر ئاڕاستەی بەغدا دەکرێت

17/11/2018

ئیدارەی پشدەر
راپۆرتی زیانەکانی لافاوەکەی مانگی رابردو ئاراستەی بەغدا دەکات بە مەبەستی
قەرەبوکردنەوەیان.

قائیمقامی قەزای
پشدەر و بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر، بەمەبەستی پێشکەشکردنی راپۆرتی زیانەکانی
لافاوەکەی رۆژی (26)ی تشرینی یەکەم، بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی
نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانیان کرد.

لەوبارەیەوە، بەکر
بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند: لافاوەکە زیانی زۆری بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
و رێگاوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و تۆڕی ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و باخ و هەنگی ناوچەکە
گەیاندوە کە ئیدارەی پشدەر و راپەڕین توانای نۆژەنکردنەوەیان نییە و پێویستیان بە
بودجەیەکی زۆر هەیە.

وتیشی :"زیانەکان بە (10) ملیار دینار دەخەمڵێنرێت
و چاوەڕوانی نوێنەرانی کوردین لە بەغدا بۆ ئەوەی قەرەبوی ناوچە زیانلێکەوتوەکان
بکرێتەوە".

لەوبارەیەوە، هۆشیار
عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:
پێشتریش سەردانی ناوچە زیانلێکەوتوەکانیان کردوە و داوایان لە ئیدارەی ناوچەکە کردوە
راپۆرتی زیانەکان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی خۆیانەوە کاربکەن تا لە بودجەی روداوە
کتوپڕەکانی حکومەتی عێراق قەرەبو بکرێنەوە.

رۆژانی (26) و (27)ی
مانگی رابردو بەهۆی بارانی بە خوڕەوە لافاوێکی گەورە لە ناوچەکانی بناری قەندیل
دروست بو بەهۆیەوە (15) پردی ناوچەکە روخان و زیانێکی زۆر بە رێگاوبان و پڕۆژە
خزمەتگوزارییەکان و ئاو و کارەبا و قوتابخانە و نەخۆشخانەی ناوچەکە گەیشت و دەیان
دۆنم رەزو و باخ و پڕۆژەی بەخێوکردنی هەنگ لە ناوچەکە لەناوچون و دەیان ماڵ روخان
و لافاو زیانی پێگەیاندن.


هەواڵی زیاتر