شاندێکی ژنانی شەنگال سه‌ردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان ده‌كه‌ن

20/10/2020

شاندێکی ژنانی شەنگال له‌گه‌ڵ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوەو ئەندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند، لەڕێگای نوێنەرەکانیانەوە لە عێراق هەوڵدەدەین کار لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بکەن.

ئه‌مڕۆ شاندی ژنانی شەنگال پێکهاتوون لە ژنانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ و پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدییان- پادێ، لەلایەن شاندێکی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی ڕێزان هەردی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە پێشوازییان لێکرا.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا لەیلا قاسم هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال رایگه‌یاند "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکانمان گەیاندنی دەنگی ژنانی ئێزدییە، لەسەر ئەو بنەمایەش سێ داواکاریی سەرەکییمان هەبوون، یەکەمیان داوا دەکەین هەموو گەلی کورد دژ بەو ڕێککەوتنەی نێوان پارتی و حكومه‌تی عێراق بووەستێتەوە کە گەلەکۆمەیەکی دیکەیە لەسەر شەنگال و پشتگیریی کۆمەڵگەی ئێزدیی بکرێت، خاڵی دووەمیشیان پێکهێنانی یەکێتییەکە بۆ ژنانی کورد".

هاوكات  د. ڕێزان ئەحمەد هەردی ئه‌ندامی جڤاتی گشتی و هاوكات كه‌ سه‌ۆكایه‌تی ژنانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ده‌كرد،  لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی " ئێمە هەر ئەمڕۆ ئەوە داواكاریانه‌یان دەگەیەنینە ڕێکخەری گشتیی و خانەی ڕاپەڕاندن".

رێزان هه‌ردی هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ "لەڕێگای نوێنەرەکانیشمانەوە لە عێراق هەوڵدەدەین کار لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بکەین، کە ئەمە مافێکی ڕەوای ئەوانە".


هەواڵی زیاتر