نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان: بەرژەوەندی نیشتمان و خەڵك ئەولەویەت بێت، نەك بەرژەوەندی دیكە

27/09/2025

نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بۆ پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی ژنی كورد، یەكەم هەنگاو دژایەتی گەندەڵی و كاركردن بۆ یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەروەركردنی یاسا و بەڕیوەبردنێكی بەهێزە كە بەرژەوەندی نیشتمان و خەڵك ئەولەویەت بێت لەلای نەك بەرژەوەندی دیكە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆبونەوەی ژنانی چالاکوان و نوێنەری پارتە سیاسیەكان لە چوار پارچەی كوردستان و دەرەوە بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردن و ئامادەکاریەکان بۆ کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد/ باشوور.

لە كۆبونەوەكەدا گوڵستان سەعید كە بە نوێنەرایەتی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بو، لەگەڵ دوپاتكردنەوەی پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێك كە خزمەت بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان بكات، رایگەیاند: پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی ژنی كورد ئەركێكی گرنگە و لەسەر شانی هەمووانە، بەڵام ئەو یەكێتییە و دروستكردنی ئینتیما لای گەنج بە بنیاتنانی بەڕێوەبردنێكی بەهێز و كاریگەر و خزمەتگوزار و چەسپاندنی سەروەری یاسا و ئاشتكردنەوەی گەنج لەگەڵ خاك و نەتەوە و نیشتمان بەدی دێت.
وتیشی: پێویستە یەكەم هەنگاومان دژایەتی گەندەڵی و كاركردن بۆ یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەروەركردنی یاسا و بەڕیوەبردنی بەهێز و كاریگەر بێت، گەلی كورد پێویستی بە بەڕێوەبردن و سەركردایەتیەكی بەهێز و خاوەن بڕیار هەیە كە بەرژەوەندی نیشتمان و خەڵك ئەولەویەت بێت لەلای نەك بەرژەوەندی دیكە.


هەواڵی زیاتر