باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد

01/11/2020

ئەمڕۆ یەک شەممە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە هەریەك لە میشێل رێنتێنار باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و هانز ئاكەر بوم كونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆبونەوەیەكدا كە بە ئامادەبونی رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان بەڕێوەچو، دۆخی سیاسی عێراق بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا بەتایبەت تیشك خرایە سەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و سیستەمی نوێی هەڵبژاردن و ئامادەكاریەكان بۆ ئەو پرۆسەیە و هەروەها كاریگەریی پێشبینیكراوی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن و ئەو ناڕونییانە كە تاوەكو ئێستا لەوبارەیەوە ماون و یەكلا نەكراونەتەوە.

لە تەوەرێكی تردا دۆخی سیاسی و ئابوری و دارایی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە كرا و پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنەكان باس كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان تێگەیشتنی تەواوی هەیە بۆ رەوشی خراپی ژیانی خەڵك و رێژەی بێكاری و مەترسییەكانی بەرزبونەوەی بێكاری و لەو چوارچێوەیەشدا تیشك خرایە سەر پێویستی چاكسازی لە سەرجەم بوارەكاندا.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا هەردولا هاوڕا بون لەسەر بەردەوامبون و پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردولا.


هەواڵی زیاتر