گۆڕان گفتوگۆ لهبارهی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکات
01/11/2020
رۆژی یەکشەممە لە مەکۆی سەرەکی، بەسەرپەرشتی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری ژورەکان بەڕێوەچو، کە دامەزراوەی جێبەجێکاری بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانیین.
ئامانجی کۆبونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بو لەسەر دۆخی سیاسی و دارایی و ئابوری و حوکمڕانی و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تێیدا ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی چاکسازیی و داخوازییەکانی خەڵک گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا دۆخی ناوخۆیی و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، تەوەرێکی دیکە بو، لەوبارەیەوە کۆبونەوەکە بڕیار و راسپاردەی پێویستی خستەڕو بۆ پەسەندکردنی کارنامەیەکی گشتگیری رێکخراوەیی لە کۆبونەوەی داهاتوی جڤاتی نیشتیمانیدا
کۆبونەوەکە جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەکارییەکانی چڕدەکاتەوە بۆ ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتو ئەنجامبدرێت، لەسەر بنەمای یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاساکە کراوە لە روی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە.