عه‌دنان عوسمان: ستراتیژی‌ ئێستای‌ گۆڕان به‌رده‌وامبونه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردن و به‌ره‌وپێشبردنی‌ چاكسازی‌

07/11/2020

عه‌دنان عوسمان ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گۆڕان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ چاكسازی‌ و هێشتا به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ گۆڕانكاری‌، ده‌شڵێت راسته‌ ده‌نگی‌ ناڕازی‌ هه‌یه‌ له‌ رۆڵ و ئه‌دای‌ حكومه‌ت، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ راده‌ی‌ بڕیاری‌ كشانه‌وه‌.

له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ساتی‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، عه‌دنان عوسمان رایگه‌یاند: ستراتیژی‌ ئێستای‌ گۆڕان به‌رده‌وامبونه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردن  و به‌ره‌وپێشبردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ چاكسازی‌، راسته‌ ئه‌و چاكسازیه‌ی‌ كه‌ پێویست بو بكرێت، به‌و شێوه‌یه‌ نه‌چوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌شداریمان له‌ پرۆسه‌ی‌ حكومڕانی‌ بۆ به‌رده‌وامیدانه‌ و به‌ره‌وپێشچونه‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ فشار بكه‌ین و پڕۆسه‌كه‌ بڕواته‌ پێشه‌وه‌.

وتیشی‌: به‌شداری گۆڕان له‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر بڕیاری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بوه‌، وه‌ك چۆن له‌ رابردودا به‌جدی‌ ئۆپۆزسیۆن بوین، ئێستاش به‌جددی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداین و كار ده‌كه‌ین بۆ به‌رنامه‌ و پلانی‌ خۆمان، به‌ڵام به‌هۆی‌ چه‌ند قه‌یرانێكی‌ نه‌خوازراوه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ حكومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ نه‌بو له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ بۆیه‌ ناڕه‌زایی‌ بونی‌ هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌نێو گۆڕانیشدا، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ راده‌ی‌ بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ و هێشتا ئومێدمان ماوه‌.

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: "ئێمه‌ هێزی‌ نیوه‌ڕێگا نین له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری‌ خۆمان، له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتیش رێكه‌وتنی‌ سه‌رتاسه‌ریمان نه‌كردوه‌ تا به‌ هه‌ق و ناهه‌ق له‌گه‌ڵیان بین. هه‌ركات بزانین حكومه‌ت گرنگی‌ به‌ خه‌می‌ خه‌ڵك نادات ئه‌وكاته‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ خۆمانمان داوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی‌ هه‌بونی‌ كێشه‌ له‌ناو ریزه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا، عه‌دنان عوسمان وتی‌: له‌ناو گۆڕاندا كێشه‌ هه‌یه‌ وه‌ك چۆن له‌ ناو كۆی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان كێشه‌ هه‌یه‌.


هەواڵی زیاتر