شەماڵ عەبدولوەفا: چاره‌سه‌ری پرسی موچه‌ ئاسانه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت

17/11/2020

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، جه‌خت له‌ پێویستیی ئەنجامدانی چاكسازی ده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت "رێككەوتنی 50 ساڵە دەبێتە عەیبە بۆ حكومەتی هەرێم".

لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی لەگەڵ "رەنج"ی كەناڵی رووداو، كە تایبەت بوو بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن رایگه‌یاند: هه‌ر بندیوارێكمان هەیە با بیبڕین و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چاكسازیداین.

لەوەڵامی ئەوەی چۆن وادەكرێت هەرێم پێویستی بە بەغدا نەبێت، شەماڵ عەبدولوەفا، وتی "دەرماڵە و موچە رێكبخرێته‌وه‌و موچه‌ی بندیوار ببڕدرێت و بازاڕ لە حزب بسەنرێتەوەو بدرێتەوە دەست حكومەت، لەگەڵ ئەوەشدا گومرگەكان رێكبخرێنه‌وه‌و داهات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، ئەوكات هەرێم پێویستی بە بەغدا نابێت و نامێنێت".
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن باسی له‌وه‌شكرد: ئه‌گەر ئەو كارانە له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێن، ئەوكات لەو هەڵبەز و دابەزین و ناجێگیرییه‌ی دۆخه‌كه‌ رزگارمان دەبێت و بە جۆرێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكرێت.
 
لە بارەی پرسی چاكسازی و موچەخۆرانی بندیوار، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: خۆمان خاوەنی پرۆژەی چاكسازین و هیچ تەحەفوزمان نییە لەسەر ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێبكرێت و چ بندیوارێكیشمان هەیە با پێش هەموو حزبێك بیبڕن.

ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ حكومەتی هەرێم تەحەفوزی هەیە لەسەر دەروازە سنورییەكان و پێیوایە ئەگەر بكەونە ژێر دەستی بەغدا سه‌روه‌ری هه‌رێم دەشكێت.

لەباره‌ی‌ دۆسیه‌ی نه‌وت، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا پێیوایه‌ "رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان توركیا و هەرێم رووناكی نەبینیوە، هەندێك شتی زۆر وردی لە پشتەوەیە لەوانەیە ببێتە عەیبەیەك بۆ حكومەتی هەرێم، بۆیە ناخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ".


هەواڵی زیاتر