ھەڕەشەی زلھێزەکان بۆ سەر کوردستان

24/11/2020

بەشی حەوتەم :

ھەڕەشەی زلھێزەکان بۆ سەر کوردستان

ڕوسیاو کوردو جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستان
بۆ سێ سەد ساڵ دەچێ روسیا یەکێکە لە زلھێزەکانی جیھان وناوچەکە، کارگەری دیاری ھەبووە ( بە باش وبە خراپ)لەو ماوەیەدا لە سەر پرسە گرنگ وچارەنوسەکانی ئاسیا وئەوروپا بەتایبەت، ولە نێویشیاندا پرسی کورد. رسلان مامیدۆف، کە ئەندامی ئەنجومەنی کاروباری نێودەڵەتیە لە روسیا، ولەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ودەزگاکانی تری روسیا کۆمەک و یارمەتی ئەو ئەنجومەنە ئەکرێ، زۆر بە ڕاشکاوی لە باسێکی خۆیدا بە ناوی ( بعد الخلافە : آفاق العلاقات الروسیە العراقیە، ێ 9 الرێد الاستراتیجی ـ العدد : الخامس عشر، آژار 2019 ) ئەڵێ : ( مۆسکۆ ھەرگیز ستراتیجێکی روون و ئاشکرای نەبوە لە بەرامبەر کورد).
دیارە مۆسکۆ لە هیچ یەکێک لە سەردەمەکانی ڕوسیای قەیسەری، یەکێتی سۆڤیەت، و ڕوسیای ئەمڕۆ، بەرنامەو ستراتیجێکی دیاریکراوی نەبووە بۆ پرسی گەلی کورد لە کوردستان.
وەک ئەوەی ڕۆڵی باشی نەبووە لە پرسی کورد، ڕوسیا هەڵوێستی دوژمنکارانەی دیاریشی هەبووە لە هەندێ سەردەم و قۆناغی زۆر هەستیاردا. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیە، و بە سود وەرگرتن لەو ڕاستیە مێژوویانەی کە لە بەردەست دایە، وا لێرەدا بە کورتی بەشێک لە هەڵوێستەکانی ڕوسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤیەت و ڕوسیای ئەمڕۆ دەخەمەڕوو:
هەڵوێستی ڕوسیای قەیسەری لەسەر پرسی کورد

1- ڕوسیای قەیسەری دیدو بەرنامەیەکی دیاریکراوی نەبوو، بۆ پرس ومافەکانی گەلی کورد لە سنوری دەسەڵاتی ڕوسیای ئەو سەردەمە، و مافەکانی گەلی کورد لە کوردستان وناوچەکە، روسیای قەیسەری ئەوکاتە کوردی بیر کەوتۆتەوە، کە دوژمنەکانی لە ھەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا فشار و تینیان بۆ ھێناوە، ئەوسا ڕوسیای قەیسەری کوردەکانی وەک فشار بەکار ھێناوە لە دژی دوژمنەکانی خۆی.
لە سەردەمی ڕوسیای قەیسەریدا، شوێنی کوردستان وابووە، کە خاکەکەی و میللەتەکەی دابەشبکرێت بەسەر ئەو سێ ئیمپراتۆریەتەدا بە شێواز و ڕێژەی جیاجیادا، دیارە هەر ئەوەش یارمەتی دەر بووە، ئەو سێ دەوڵەتە کارتی کورد بەکار بێنن وەک فشار لە دژی یەکتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان.

2- ڕوسیای قەیسەری و ڕێکەوتنی سایکس بیکۆ.
بەپێی ڕێکەوتنی سایکس بیکۆی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیای قەیسەری لە ساڵی 1916ز، بۆ دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان، ڕوسیای قەیسەری ئەم ناوچانەی بەردەکەوت :‌ ویلایەتەکانی ئەرمینیا، ویلایەتەکانی باکوری کوردستان، ئیستانبوڵ و تەنگەکانی بسفۆر و دەردەنیل،...
بەڵام سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ڕوسیا لەساڵی (1917ز)، بووە هۆی خۆکێشانەوەی ڕوسیا ( روسیای دوای قەیسەر) لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی جیهانی یەکەم، و دەستبەرداربونی روسیای دوای قەیسەر لە هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە جەنگی جیهانی یەکەم، و بەپێی ڕێکەوتنی سایکس بیکۆ پێی بڕابوو. ئەم خۆکێشانەوەی روسیا، دۆخێکی نوێ سیاسی لە دونیا و ناوچەکە دروستکرد، ھاوکێشە وھاوسەنگی سیاسی و ھێز گۆڕی، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بریتانیا و فرنسا نەرمی بنوێنن لە بەرامبەر تورکیای نوێ، و پەیمانی سیڤەر ھەڵبوەشێنەوە و پەیمانی لۆزان جێگای بگرێتەوە، و باکوری کوردستان داگیربکرێتەوە لە لایەن تورکیاوە، بێگومان ئەمەش وایکرد میللەتی کورد لە باکور و باشور و رۆژئاوا دەرفەت و ھەلێکی مێژوویی لە دەستبدات
هەڵوێستی یەکێتی سۆڤیەت لەسەر پرسی کورد
یەکێتی سۆڤیەت بەشێوەیەکی کاتی یارمەتی کوردی کرد و بەشدار بوو لە ڕەخساندنی دوو هەل :

1- پێدانی ئۆتۆنۆمی بە ناوچەکانی کوردنشین لەسنوری نێوان ئازەربێجان و ئەرمینیا... لە سەردەمی لینین لەساڵی (1923ز)، بەڵام لە دوای حەوت ساڵ، و لە ساڵی (1930ز) ستالین ئەو مافەی لە کوردەکان داگیر کردەوە، هەر بەوەش نەوەستا بەڵکو کوردەکانی ناوچەکانی ئازەربێجان و ئەرمینیا و جۆرجیایان وڵات بەدەرکرد، بۆ ناوچەکانی قەوقاز و سیبیریا... ستالین کوردی سنوری دەسەڵاتی خۆی بەجۆرێک ئاوارە و دەربەدەر و قڕ کرد، مەگەر عوسمانیە تورکەکانی پێش ستالین وایان بەسەر کورددا هێنابێت.

2- لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش، یەکێتی سۆڤیەت لە سەرەتای ساڵی (1946ز) پشتگیری لە سەربەخۆیی بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد ـ کۆماری مەهاباد، بەڵام یەکێتی سۆڤیەت زوو پشتی تێکرد و پاشگەزبوەوە، لە بەرامبەر هەندێ دەسکەوتی ئابوری لە ئێران، و لەژێر فشاری زۆری ئێران و تورکیا، لەبەرئەوە، هەر لە کۆتای ئەو ساڵەدا حکومەتی ئێران پەلاماری کۆماری مەهابادیان دا، و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا داری بەسەر بەردیەوە نەما.

3- بەرگری کردن لە گەلانی چەوساوەی دونیا، و پشتگیریکردن لە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلان دروشمی سەرەکی و ناوەندی حیزبی شیوعی ویەکێتی سۆڤیەت بوو، بەڵام چەندین جوڵانەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازی لە پارچەکانی کوردستان دروست بوو، یەکێتی سۆڤیەت بۆ تەنیا جارێکیش بە دەنگیانەوە نەچوو، چونکە یەکێتی سۆڤیەت لە نێوان جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلان (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا)، وحکومەتەکانی ناوەندی ئەو دەوڵەتانه‌، هەمیشە حکومەتەکانی ھەڵبژاردوە، وتەفزیلیانی کردووە بەسەر جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلانی (وەک کورد،... ) تەنانەت بەسەر حیزبی شیوعی ئەو دەوڵەتانەش.
هەڵوێستی یەکێتی سۆڤیەت بە گشتی لە ئاستی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق باش نەبووە، و هەرگیز یەکی نەگرتۆتەوە لەگەڵ دروشمی ناوەندی حیزبی شیوعی سۆڤیەتی و یەکێتی سۆڤیەت.
یەکێتی سۆڤیەت، ئەوەندەی کاری کردووەو سەرقاڵ بووە، بۆ بە‌هێزکردنی پەیوەندی ئابوری و سیاسی خۆی لەگەڵ ڕژێمی بەعس، ودوورخستنەوەیان لە رۆژئاوا، بیری لەوە نەکردووە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس یارمەتی بدات وبەھێزی بکات، لەوەش خراپتر بە گەرمی کاریان کرد بۆ دورخستنەوەی حیزبی شیوعی لە جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد، وبەشداری پێکردنی حیزبی شیوعی عێراق لە بەرەیەکی کارتونی (بەرەی نیشتیمانی...)، ھەروەھا یەکێتی سۆڤیەت هەوڵ و تەقەلایەکی زۆریشیدا، کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش ھەم راکێشێ بۆ ئەو بەرەیە، وھەمیش دووری بخاتەوە لە ئەمریکا ورۆژئاوا، بەڵام سەرکەتوو نەبوو.
دواجار دەرکەوت، ڕژێمی بەعس ئەم بەرەیەی بۆچیە، بەعسیەکان لە چوارچێوەی ئەو بەرەیەدا، وبەبەرچاوی یەکێتی سۆڤیەت و حیزبی شیوعی سۆڤیەتەوە، توانیان زۆرترین زیانی گیانی، سیاسی، حیزبی وجەماوەری بە حیزبی شیوعی بگەیەنن.
هەڵوێستی ڕوسیای ئەمڕۆ لەسەر پرسی کورد
ڕوسیای ئەمڕۆش، هاوشێوەی سەردەمەکانی ڕوسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤیەت پەیوەندیەکانیان لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیەکانی ئابوری و سیاسی ڕێکدەخەن و دروست دەکەن، بۆیە هەڵوێستیان هەرگیز جیاواز نیە لەوانەی پێش خۆیان لە سەر مەسەلەی کورد.
ڕوسیای ئەمڕۆش، وەک ئەوەی هەڵوێستی باش نەبووە لە پرسی کورد، زۆر جار هەڵوێستەکانی نامرۆیی و ناحەزانەو دوژمنکارانە کەوتۆتەوە لە بەرامبەر کورد، بۆ نمونە :

1- لە کۆتایی ساڵی (1998ز) ڕوسیای ئەمڕۆ ڕازی نەبوو سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (عبداللە ئۆجەلان) لە ڕوسیا بمێنێتەوە، و لەسەر داوا وبڕیاری بریماکۆفی سەرۆک وەزیران ڕوسیای جێهێشت.
2- سیاسەتی دووپێوانەیی وئیزدیواجییەت ودوو ڕوویی ڕوسیاش (هاوشێوەی حکومەتی ئەمەریکا)، لە لایەک بەرگری لە ڕژێمی بەعس دەکات لە سوریا (لە ئەدلب وناوچەکانی تر) لە دژی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، بەڵام عەفرینیش کە هەر بەشێکە لە سوریا، نەک هەر بەرگری لێنەکرد لە دژی هێرش و پەلاماری زەمینی و ئاسمانی تورکیا، بەڵکو زەمینەشی بۆ ھێرشی سوپای تورکیا خۆشکرد، ولە ناوچەی عەفرینیش کشایەوە، و چرای سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، بۆ لێدان و داگیرکردنی عەفرین، و ناوچەکانی تری ڕٶژئاوا.
3- ڕوسیاش هاوشێوەی ئەمەریکاو ئەوانی تر، ڕاپرسی (25/9/2017)ی لە کوردستان ڕەتکردەوە، بەڵام بە ئسلوبێکی دیبلۆماسی جیاواز، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.


هەواڵی زیاتر