د. غالب محەمەد: هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی بودجەوە نییە

29/11/2018

ئەندامێکی ئەنجومەنی
نوێنەران ئاماژە بە هۆکاری دواکەوتنی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکات
و بەدوریشی دەزانێت لە دانیشتنی داهاتو ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، سەبارەت بە
پشکی کوردیش دەڵێت: یەکێتی و پارتی شەڕیانە لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی
تایبەتی و ئەوەی بونی نییە یەکڕیزییە.

بڕیاربو رۆژی سێشەممە، دەنگ لەسەر
تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بدرێت، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراو
دانیشتنەکە دواخرا، لەوبارەیەوە د.غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بە (سبەی) وت: بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر کاندیدەکان دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکە
نەدراو دانیشتنەکە دواخرا، ئەمەجگەلەوەی بەپێی یاسا دەبێت پێش (72) سەعات سی ڤی
ئەو کاندیدە رەوانەی دەستەی لێپرسینەوەو دادوەری و نەزاهە بکرێت پاش پەسەندکردنی
رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەی
هەفتەی داهاتو تایبەت نەکراوە بە تەواوکردنی پێکهاتەکەی کابینەی حکومەت و دەڵێت:
کۆبونەوەی هەفتەی دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمانەو پەیوەست نییە بە کابینەکەوە، بەڵام
ئەگەر بێتو تا ئەوکاتە رێککەوتن لەسەر کاندیدی ئەو وەزارەتانە بکرێت کە تائێستا
پڕنەکراونەتەوە، ئەوا تەوەری دانیشتنەکە دەکرێت بە پرسی تەواوکردنی کابینەکەی عادل
عەبدولمەهدی و دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

(24)ى مانگى رابردو ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق لەکۆی (22) وەزیر، متمانەی بە (14) وەزیر لە کابینە نوێیەکەی عادل
عەبدولمەهدی بەخشی و پۆستى هەشت وەزارەت بە بەتاڵى مانەوە، تا یەکلاکردنەوەى کاندیدەکانیان
و بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن کە عەبدولمەهدى خۆى کاروبارەکانى هەردو وەزارەتى بەرگرى
و ناوخۆش بەڕێوەدەبات.

ئەو وەزارەتانەی كابینەكەی  عادل عەبدولمەهدی كە تائێستا وەزیریان بۆ دیارینەكراوە
بریتین لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، بەرگری، خوێندنی باڵا، داد، پەروەردە، رۆشنبیریی، پلاندانان
و كۆچ و كۆچبەران.

سەبارەت بە پشکی کورد لە
کابینەکەو باسکردن لە پێدانی وەزارەتێکی تر بە کورد، ئەو پەرلەمانتارە وتی:
"بەپێی یاساو بەرکەوتەی هەڵبژاردن ئێمە لە (18%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی
نوێنەران پێکدەهێنین بۆیە دەبێت بەپێی ئەو رێژەیە بەرکەوتەمان هەبێت لە حکومەت،
تائێستا دو وەزارەت دراوە بە کوردو باس لە پێدانی دو وەزارەتی دیکەش دەکرێت".

هەروەک پێیوایە؛ ئێستا شتێک
نەماوە بەناوی کوردەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە یەکێتی و پارتیە شەڕیانە لەسەر ئەوەی
کامیان زوتر بگەن و کامیان زۆرتر بەدەستبهێنن تەنانەت سەرنجیان لەسەر ئەو پۆست و
وەزارەتانەیە کە دەستکەوتی تایبەتی زیاترە، شەڕیانە لەسەر پۆستەکان و بەناوی
کوردەوە هەمو شت دەکەن، بەڵام بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بە دروشم باسی یەکڕیزی
دەکەن، بەڵام ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت یەکڕیزییە، لایەنە براوەکانی تری
کوردیان فەرامۆشکردوە، لەکاتێکدا خاوەنی (10) کورسی پەرلەمانین.

رۆژی (19)ی ئەم مانگە،
کۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكەی حكومەت‌و پەرلەمانی عێراق دەربارەی بودجە ئەنجامدرا، شاندی
ئەنجومەنی نوێنەران (45)خاڵی دایە وەزیری دارایی عێراق‌، تێبینیەكانی كورد ئەوەبون،
كە بەشەبودجەی هەرێم كەمەو پێویستە زیاد بكرێت، هەروەها داوایانكرد پشكی پێشمەرگەو
شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمیش زیاد بكرێن.

هەرچەندە وابڕیاربو لە ماوەی
هەفتەیەک دواتردا حكومەت هەمواری رەشنوسی یاسای بودجە بكاتەوەو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران
بكرێتەوە. بەڵام بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تائێستا هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی
بودجە نەکراوە، وتی: پێدانی‌ پشكی‌ (17%) له‌ بودجه‌ی‌ عێراق به‌ هه‌رێم‌ په‌یوه‌ست‌
کراوە بە رەوانەکردنی داهاتەکانی هەرێم بە نەوت و گومرگ و خاڵە سنورییەکانیشەوە بۆ
بەغداو هەروەها رەوانەکردنی (250)هەزار بەرمیل نەوت. تائێستاش دانیشتنی تر نەکراوە
بۆ کۆتا گۆڕانکاری لە پرۆژەی بودجە بۆ ئەوەی دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت.


هەواڵی زیاتر