رێكخه‌ری‌ ژوری‌ حكومه‌ت، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پشتیوانی‌ له‌ سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت و دابه‌زاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كات

03/12/2020

رێكخه‌ری‌ ژوری‌ حكومه‌ت له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: یاسای‌ ژماره‌ (3)ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ پارێزگاكان پێویستی‌ به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ئێستادا سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زی‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ك رونیشی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گۆڕان به‌رپرس نیه‌ له‌ قاچاخچێتی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان و ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر خه‌ڵك زانیاری‌ لایه‌ له‌باره‌ی‌ تێوه‌گلانی‌ هه‌ر به‌پرسێكی‌ گۆڕان له‌ كه‌موكوڕی‌ یاخود گه‌نده‌ڵێ‌، ئه‌وان به‌دڵێكی‌ فراوانه‌وه‌ وه‌ری‌ ده‌گرن و به‌دواداچونی‌ بۆ ده‌كه‌ن.

له‌میانی‌ دیدارێكی‌ له‌گه‌ڵ رادیۆی‌ گۆڕان، كاوه‌ عه‌بدوڵا رایگه‌یاند: بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پشتیوانی‌ له‌ سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت و دابه‌زاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كات له‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ به‌پێی‌ په‌یڕه‌وێك كه‌ به‌ یاسا رێكبخرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ كۆبونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ باسمان داوامانكردوه‌ كه‌ یاسای‌ ژماره‌ (3)ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌.

وتیشی‌: لامه‌ركه‌زی‌ ده‌توانێت كاریگه‌ریی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و كۆتاییهێنان به‌ قاچاخچێتی‌ له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان، چونكه‌ پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بو ئه‌وكات ده‌توانن لێپێچینه‌وه‌ بكه‌ن و پێویست به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كان نه‌كات كه‌ له‌ ئێستادا جۆرێك له‌ مه‌ركه‌زیه‌ت هه‌یه‌ له‌ بڕیاردان و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كاره‌كان زۆر به‌ باشی‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چن.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی‌ به‌رپرسانی‌ گۆڕان له‌ناو حكومه‌ت، كاوه‌ عه‌بدوڵا وتی‌: ژوری‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان چه‌ندین گۆشه‌یان هه‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ راپۆرت ئاماده‌ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی‌ رۆڵ و ئه‌دای‌ كارده‌كانمان له‌ حكومه‌ت و دواتر هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر كه‌موكوكه‌رتی‌ هه‌بێت چاره‌سه‌ری‌ ده‌كه‌ین.

وتیشی‌: ئێمه‌ به‌پرس نین به‌رامبه‌ر به‌هاوڵاتیان، به‌ڵكو خۆمان به‌ خزمه‌تكاری‌ خه‌ڵك ده‌زانین، ئه‌گه‌ر زانیاری‌ دروستیان لایه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسه‌كانی‌ خۆمان كه‌ تێوه‌گلابێتن له‌ گه‌نده‌ڵی‌ یاخود كه‌موكوڕییان هه‌یه‌، ده‌توانن ئێمه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین زۆرترین دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌ین. ژوری‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان پردی‌ په‌یوه‌ندییه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان و به‌رپرسانمان له‌ حكومه‌ت، ئه‌و پۆستانه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ی‌ تیاین ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییان هه‌یه‌ ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ش به‌ دڵێكی‌ فراوانه‌وه‌ ده‌یگه‌یه‌نین به‌ به‌رپرسه‌كانمان.

سه‌باره‌ت به‌ بونی‌ قاچاخچێتی‌ له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان، كاوه‌ عه‌بدوڵا جه‌ختی‌ كرده‌وه‌: ئێمه‌ له‌ حكومه‌تداین به‌ڵام به‌پرسیارێتی‌ قاچاخچێتی‌ هه‌ڵناگرین به‌تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ گۆڕان هێزی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌ و ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ بوینان هه‌یه‌ تاوه‌كو ئێستا رێكنه‌خراونه‌ته‌وه‌.


هەواڵی زیاتر