لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێكهێنرا

03/12/2018

بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانی بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا خانەى راپەراندن بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا و نۆ لیژنەى لاوەکى.

د. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕاندا کۆمەڵێک بابەت و تەوەرى هەستیار و گرنگ تاوتوێکران و بڕیار و راسپاردەى پێویستمان بۆ هەریەک لەو تەوەر و بابەتانە دەرکرد، کە گرنگترینیان لەژێر رۆشنایى بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى بو بە دیاریکردنى لیژنەى باڵاى ئامادەکاریى کۆنفرانسى نیشتیمانی.

وتیشى: "شانبەشانى ئەو لیژنە باڵایە، نۆ لیژنەى لاوەکى دیکەمان دروستکرد بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنى هەمو ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و پێداچونەوە بە بەرنامەى سیاسى و دەستورى ناوخۆیى بزوتنەوەى گۆڕان و بۆ تۆکمەترکردن و پتەوترکردنى ریزەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، وە بۆ جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە دەنگدەران و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەکەمان داوە کە ئێمە بەخۆداچونەوە دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ کۆى بزوتنەوەى گۆڕان و جومگە و ئۆرگانەکان و بڕیاردان لە بزوتنەوەى گۆڕان و کارکردنى بزوتنەوەکە دەکەین".

هەروەک د. شۆڕش حاجى وتى:"ئومێدمان وایە لەو وادەیەى جڤاتى نیشتیمانى بڕیارى لێداوە، کۆنفرانسى نیشتیمانى بکەین و بە تین و تەوژمێکى دیکە و ئامادەکارییەکى زیاتر، بزوتنەوەى گۆڕان ئامادە دەکەین بۆ هەر ئەگەرێک بێتە بەردەم بزوتنەوەکە و پرۆسەى سیاسى لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە".
ئەوەشى خستەڕو؛ لەچەند رۆژی داهاتودا لیژنەى باڵا و لیژنە لاوەکیەکان دەست بەکارەکانى خۆیان دەکەن.


هەواڵی زیاتر