هۆشیار عومەر عەلی: گۆڕان خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بە رەوا دەبينێت

07/12/2020

رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی‌ گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ رەوشی‌ هەرێم زۆر خراپە و ئەگەر چاکسازی‌ نەکرێت بەرەو خراپتریش هەنگاو دەنێت، دەشڵێت: وەک گۆڕان خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیان بەڕەوا دەبینین و داواکارییەکانیان لە جێگای‌ خۆیدان.

د. هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی‌ دەنگی‌ گۆڕان رایگەیاند: رەوشی‌ هەرێم زۆر خراپە و ناڕەزایەتییەکانیش سەرتاسەرین، بۆیە پێویست دەکات لە کۆبونەوەی‌ سێقۆڵی‌ کە بڕیارە سبەینێ ئەنجام بدرێت بە راشکاوانە قسە بکرێت و وەڵامی‌ ئەو ناڕەزایەتییانە بدرێتەوە و دەرچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەر بەتایبەت لە پرسی‌ کۆتایهێنان بە قاچاخچێتی‌ و پێدانی‌ موچە.

باسی‌ لەوەشکرد، گۆڕان هێزێکی‌ مەدەنی‌ بێچەکە و ئامڕازەکانی‌ قاچاخچێتی‌ لەبەر دەستی‌ ئەو هێزانەن کە هێزی‌ چەکداریان هەیە.

 رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وتیشی‌: هەمو لایەنەکانی‌ بەشدار لە حکومەت بە قەبارەی‌ خۆیان بەرپرسن، ئێمەش وەک گۆڕان خۆمان بە بەرپرس دەزانین لە چارەسەرکردنی‌ ئەو دۆخە، بەڵام بەشداری‌ ئێمە لە حکومەت بۆ چاکسازی و باشترکردنی‌ حکومڕانیە، دیارە کێش هۆکارە لە رێگریکردن لە چاکسازی‌ و خراپکردنی‌ حکومەت.

لەبارەی‌ ئەو خۆپیشاندانانەی‌ چەند رۆژێکە هەرێمی‌ کوردستانی‌ گرتۆتەوە، هۆشیار عومەر جەختی‌ کردەوە لە رەوایەتی‌ داواکاری‌ خۆپیشاندەران و رایگەیاند: بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەگەڵ داواکاری‌ و ناڕەزایەتی‌ خۆپیشاندەرانە و هەرگیز خۆمان جیانەکردۆتەوە لە شەقام، تەنانەت ئەگەر هەمو حکومەت هی‌ ئێمە بێت نەک چەند وەزیرێک ئێمە هێشتا خۆمان بە خاوەنی‌ شەقام دەزانین و لەگەڵ خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیانین، چونکە ناکرێت بازاڕت وەستاندبێت و موچە نەدەیت مافی‌ خۆپیشاندانیش نەدەیت بە هاوڵاتیان.

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، دەسەڵات دەیەوێت خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی‌ بچن، بۆیە پێویستە خۆپیشاندانەکان دوربن لە توندوتیژی‌، چونکە دەسەڵات دەیەوێت خۆپیشاندان بەرە و توندوتیژی‌ بڕوات و دواتر وێنای‌ توندوتیژییەکە بگەیەنن بە وڵاتان و بڵێن ئەوە خۆپیشاندان نیە و هەوڵە بۆ تێکدان.


هەواڵی زیاتر