"ئەولەویەتی تیمی حکومیی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامدانەوەی داواکاریی و پێداویستییەکانی خەڵکە"
14/12/2020
رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، لەگەڵ تیمی حکومیی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی کۆبونەوە، جەخیان کردەوە کە تیمەکە لە چوارچێوەی ستراتیژی گۆڕان کاردەکات کە خزمەتکردنی خەڵک و بەدەمەوەچونی داواکارییەکانیان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە هاوڵاتیان.
ئەمڕۆ دوشەممە، لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری ژورەکان، لەگەڵ تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، بەبەشداریی پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبونەوە.
کۆبونەوەکە لەلایەن ژوری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڕێوەبرا، بۆ تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی دوای بەڕێوەچونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵک.
لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە تیمی حکومیی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ستراتیژی بزوتنەوەکە کاردەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەهەندوەرگرتنی داوا و داخوازییەکانی خەڵک و پێشەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و هەوڵەکانی خۆیان چڕدەکەنەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان، بەجۆرێک لە ئاستی خواست و داواکارییەکانیاندا بن.
وێنە.. بڕیار نامیق