بههار مهحمود: 840 فهرمانبهر له كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردن دادهمهزرێن
21/12/2020
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ توانیمان رەزامەندی وەربگرین لەسەر دامەزراندنی (840) فەرمانبەر لە نوسینگەكانی کۆمیسیۆنی باڵا و لەو رێژەیەش (365) فەرمانبەر بەر سلێمانی دەکەوێت و (265) فەرمانبەریش پشکی هەولێر دەبێت.
بەهار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند: دوای بەدواداچون و ھەوڵ و کۆششهكانیان لهگهڵ سهرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و کۆمیسیارەکان رەزامەندییان دا لەسەر دامەزراندنی (840) فەرمانبەر لە نووسینگەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان (ھەولێر، دھۆک و سلێمانی).
وتیشی: کاتی خۆی بەبیانوی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە پارێزگاکانی هەرێم ناگرێتەوە بۆیە لە هەر نوسینگەیەکی هەرێم پێنج کارمەند و فەرمانبەر دورخرانەوە، بەڵام بڕیارە لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆیە ئەوە هەموو عێراق دەگرێتەوە چیتر ئەو بیانوە نەما کە ئەو فەرمانبەرانە نەگێڕنەوە.
باسی لەوەشکرد، لە پاریزگاکانی دیکەی عێراق لە هەر نوسینگەیەکی کۆمیسیۆنی باڵا هەشت کارمەند هەیە، بەڵام لە هەرێم تەنها سێ کارمەند هێڵڕاونەتەوە و لە دوای ئەو بڕیارەشەوە و بەدیاریکراوی دوای سەری ساڵ هەر نوسینگەیەکی هەرێم پێنج فەرمانبەری بۆ دەگەڕێتەوە هاوشێوەی نوسینگەکانی دیکەی عێراق، ئەوەش دوای هەوڵ و ماندو بونێکی زۆرو چەندین جار سەردانکردن و بانگهێشت کردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبزاردنەکان توانیان دوای پەسەند کردنی یاسای (پاڵپشتی دارایی هەڵبژاردن) رەزامەندی وەربگرن بۆ گێڕانەوەی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆن.
ئاشکراشیکرد، لە هەرێمی کوردستان (168) نوسینگەی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن هەیە کە (53) نوسینگە لە هەولێرە و (265) کارمەند بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت و (73) نوسینگە لە سلێمانییە و (365) کارمەند بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت و (42) نوسینگە لە دهۆکە و (210) کارمەندیش بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت، واتا بۆ هەر نوسینگەیەک (5) کارمەند دادەمەزرێندرێن کە دەکاتە (840) کارمەند.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای سەری ساڵ ئەو کارمەندانە دادەمەزرێن و زیاتریش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر لەو نوسینگانە بە گرێبەست کاریان کردوە و دورخرابونەوە.