شۆڕش حاجی: جڤاتی نیشتیمانی بڕیار لەسەر بەشداریی حکومەت دەدات نەک خانەی راپەڕاندن
13/12/2018
د.شۆڕش حاجی
رایگەیاند: جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیار لە بەشداریی کردن، یان نەکردن
دەدات لە کابینەی نوێی حکومەت، نەک خانەی راپەڕاندن و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشدا بەهیچ
شێوەیەک باسی دابەشکردنی پۆست نەکراوە.
سەردانی ئەمڕۆمان لەسەر داوای فەرمی پارتی بوە بۆ کۆبونەوە لەسەر ئاستی باڵا
د.شۆڕش حاجی،
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ
کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبونەوە،
رایگەیاند: سەردانی ئەمڕۆمان لەسەر داوای فەرمی پارتی بوە بۆ کۆبونەوە لەسەر ئاستی
باڵا، کە لەدوای (12)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2015)ەوە ئەوە یەکەمجارە شاندی باڵا دەچێتە
هەولێر بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی.
وتیشی :"
لەماوەی دو مانگی رابردودا شاندی فەرمیی پارتی دوجار سەردانی ئێمەیان کردوە لەسەر
بابەتی گرنگ و هەستیار گفتوگۆمان کردوە".
د.شۆڕش حاجی
ئاماژەی بەوەکرد؛ لە قۆناغی ئێستادا خەڵکی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە،
بۆیە گۆڕان وەک هێزێکی سەرەکی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەم قۆناغە و قەیرانە
بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان دانوستان و گفتوگۆ بکەین.
وەک هێزێکی سەرەکی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەم قۆناغە و قەیرانە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین
سەبارەت بە
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆ گۆڕان و پارتی، د.شۆرش حاجی رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا دیدی
خۆمان لەسەر ئیدارەدان و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان باسکردوە، کە لەم کاتە هەستیارەدا
یەکێک لەو کێشانەی بەرۆکی گرتوین چارەسەرکردنی کیشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و
بەغدایە، جەختمان لەسەر هەڵویستی نەگۆڕی خۆمان کردەوە کە پێویستە پەیوەندی لەگەڵ
بەغدا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، لەسەر بنەمای دەستور و بەدیهێنانی دەستکەوتەکان
هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەین لە رێگەی وەفدێکی نیشتیمانی و کەسانی پسپۆڕەوە بێت،
نەک تاکە حیزب و لایەنێک بە تەنها خۆی ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوەبەرێت.
ئەندامەکەی خانەی
راپەڕاندنی رایگەیاند: وەفدی گۆڕان جەختی کردوەتەوە کە پێویستە بۆ پەیوەندیکردن و
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی جیهانەوە،
لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانی بێت، نەک بەرژەوەندیی و پەیوەندی حیزبیی.
تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە قسەکردن بوە لەسەر ئەو ئەو قەیران و کێشانەی کە بەرۆکی هاوڵاتیان و هەرێمی کوردستان گرتوە
بەوتەی د.شۆڕش
حاجی، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە قسەکردن بوە لەسەر ئەو ئەو قەیران و کێشانەی کە
بەرۆکی هاوڵاتیان و هەرێمی کوردستان گرتوە، چونکە پێمانوایە هەرێمی کوردستان،
سەرەڕای نەمانی مەترسیی داعش بەڵام لەبەردەم مەترسیدایە و نەیاری زۆرە و بۆ ئەوەی ئەزمونی
هەرێمی کوردستان لە دەستدەرنەچێت، پێویستە بیر لە یەکدەنگی و یەکگوتاریی لەناوخۆ و
لە دەرەوەی بکەینەوە.
ئەندامەکەی خانەی
راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند: لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ پارتی بەپێویستمان زانیوە حکومەتی
ئایندە ئەولەویەتی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران و بژێوی خەڵک و
بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە ئابورییەکان و بە نیشتیمانیی کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدار
و سەروەری یاسا و شەفافیەت بێت لە داهات و نەوتو وزەدا و لەو بوارەشدا بە رونیی
دیدی خۆمان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە پارتی وتوە.
پێویستە ئەولەویەتی کابینەی نوێ چارەسەری موچە و بژێویی خەڵک بێت
سەبارەت بە
گۆڕانکاریی لە سیستمی حوکمڕانیدا، د.شۆڕش حاجی رایگەیاند: لەوبارەیەوە هیچ
گۆڕانکارییەک بەسەر بیرکردنەوەی ئێمە نەهاتوە، ئەو بۆچون و بەرنامانەی ئێمە هەر
لەسەرتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەکەمانەوە دامانناوە تەندروستە و ئەگەر بەرنامەکان ئەو
پرۆژانە ببنە بەشێک لە حکومەتی ئایندەی کوردستان، ئەوە لەبەرژەوەندی خەڵکی
کوردستانە.
دەربارەی بە
نیشتیمانیی کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانیش رایگەیاند: لای ئێمە
یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بابەتێکی جدییە، ئەو روداوانەی لە دوای
ریفراندۆم و (16) ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی کەرکوک و شەنگال راستی ئەو بۆچونەی گۆڕانی
سەلماندوە و وەفدی پارتییش ئەو باوەڕەیان لا چەسپیوە، ئەگەر هێزە چەکدارەکانی نیشتیمانی
بونایەی روداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا
دەبو.
سەبارەت بە
دەنگۆی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ پارتیدا بڕیاری
بەشداریی کردنی داوە لە کابینەی نوێی حکومەت، د.شۆڕش حاجی رایگەیاند: بڕیاردان
لەسەر پرسی بەشداریی کردن لە حکومەت یان بەشداریی نەکردن، لای خانەی راپەڕندنی
نییە، لای جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕانە و ئەو لەسەر ئەو پرسە بڕیار دەدات و
یەکلایی دەکاتەوە.
گۆڕان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ پارتی بڕیاری بەشداریی کردنی نەداوە لە کابینەی نوێی حکومەت
وتیشی :"بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی
جەماوەریی سیاسیی ریفۆرمخوازە و یەکێک لە
ئامانجەکانمان گۆڕانکاریی ریشەییە لە سیستمی حوکمڕانیی و چاکسازییە لە سەرجەم
بوارەکانی ژیاندا، لەگەڵئەوەشدا ئێمە هێزێکی سیاسین، بۆ ئەوە دروست نەبوین تا هەتایە لە ئۆپۆزسیۆندا بین،
دەمانەوێ ئەو پڕۆژە چاکسازییانەی هەمان بەهەر شێوازێک بێت جێبەجێ بکرێت، ئێمە
واقعبینانە سەیری دۆخەکە دەکەین، ناتوانین هەمو پاکێجە چاکسازییەکان لە شەو و رۆژێکدا
جێبەجێ بکەین، چونکە جێبەجێکردنی پێویستی بە رەخساندنی کەشێکی گونجاو و نییەتی جدییە
بۆ کارکردن لەسەری، هەرکاتێکیش زانیمان بەشێکی باش لە پاکێجە چاکسازییەکانمان جێبەجێ
دەکرێت، بەشداری دەکەین، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پڕۆژە و بەرنامەکانمان جێگەی نەکرێتەوە،
ئۆپۆزسیۆن بون هەڵدەبژێرین.
سەرقاڵی کۆنفرانسی ناوخۆیین بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەی ریزەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان
ئەو ئەندامەی
خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رونی کردەوە، لەناوخۆی خۆشماندا سەرقاڵی کۆنفرانسی ناوخۆیین
بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەی ریزەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان.
هەروەک جەختیی
کردەوە ، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ پارتی بەهیچ شێوەیەک باسی پۆست و دابەشکردنی
پۆستەکانیان نەکردوە، چونکە کۆبونەوەکە بۆ پۆسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ نەبوە بە
تەنها، ئەگەر باسیش کرابێت لە روانگەی ئەوەوە بوە کە میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانمان
رون بێت لە حکومەتدا.