چۆمان محەمەد: گۆڕان لە حکومەت بێت یان لە ئۆپۆزسیۆن خۆى بە خاوەنى پڕۆژەى لامەرکەزییەت دەزانێت
18/01/2021
رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: چاوەڕێى وەڵامى حکومەتین بۆ ئەو پرۆژەیەی لە کۆتاییەکانى ساڵى رابردوو لەبارەى لامەرکەزییەتەوە ناردومانە بۆیان.
چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاساى بزوتنەوەى گۆڕان بە سایتی گۆڕانی راگەیاند: لە وەڵامی شاندی ئەنجومەنى وەزیران کە ساڵی ڕابردو هاتنەلای بزوتنەوەى گۆڕان، بۆ زانینى تێڕوانینى ئێمە لەبارەى لامەرکەزى، وتیان دەمانەوێ لە قۆناغى یەکەمدا پەیڕەوێک دەربکەین تاهەموارکردنەوەى یاساى ژمارە (3)ى ئەنجومەنى پارێزگاکان.
بەپێى پڕۆژەکە، بزوتنەوەى گۆڕان چەند بنەمایەکى بنەڕەتى دیاریکردووە بۆ بنیاتنانى پڕۆژەى لامەرکەزى لە هەرێم کە ئەمانەن:
یەکەم_ چەسپاندنى پایەکانى لامەرکەزییەت بە یاسا کاریگەرترە وەک بە بڕیار و پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران.
دووەم_ پەیکەرى ئیدارى حکومڕانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکان بەپێى یاساکانى پەرلەمانى کوردستان بە روحییەتێکى مەرکەزى نوسراون، بۆیە پێویستە هەموارى یاساى پارێزگاکان ژمارە (3ى ساڵى 2009) گشتگیر و چڕوپڕ بێت و زۆربەى بوارەکان بگرێتەوە بە جۆرێک چارەسەرى ئەو دەسەڵاتە مەرکەزیانە بکات کە بۆ وەزارەتەکان دیاریکراون.
سێ_ بڕوابونى تەواو بە دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ سەرجەم یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرەگشتییەکا، بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، چونکە ناکرێت دەسەڵات تەنها دابەشبکرێت بۆ سەرۆکى یەکەى ئیدارى پارێزگاکان.
چوار_ چەمکى چاودێرى بۆ پرسى لامەرکەزیەت بابەتێکى یەکجار گرنگ دەبێت، چونکە ئەگەر دەسەڵات دابەشبکرێت و چاودێرى کارابونى نەبێت، دەروازەیەمى گەورە بۆ دەرکەوتنى گەندەڵى و کارى نایاسایى دەکاتەوە، بۆیە بەهێزکردنى رۆڵى ئەنجومەنى پارێزگاکان و چاودێرى حکومەت هەرێم پێویستى باشترە بۆ بەڕێوەچونى پرسى لامەرکەزیەت.
پێنجەم_ لامەرکەزییەتى راستەقینە لە دیدى گۆڕاندا، مۆدێلێکى نوێى حکومڕانییە بۆ کار ئاسانى هاوڵاتیان و کەمکردنەوەى بارگرانى سەرشانى حکومەت، بەتایبەت نیە بە جێگە و پارێزگایەکى دیاریکراو و خوێندنەوەى سیاسى، بەڵکو پڕۆژەیەکى نیشتمانى پیرۆزە بۆ حکومڕانى هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازى.
چۆمان محەمەد باسى لەوە کرد، لە ئێستادا هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکە لە قۆناغى یەکەمدا پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرچوێندرێ.