چۆمان محەمەد: بەرپرسانى باڵا و نوێنەرانى کورد لە بەغدا لەجیاتى فشارکردن بۆ پاراستنى ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان، سەرقاڵى ئەجێنداى حیزبى و شەخسین

21/08/2024


رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: ماوەیەكی زۆرە موچەخۆرانی هەرێم گیرۆدەی دواكەوتنی موچەن و تا ئێستا حکومەتى هەرێم خەمساردە و بەرپرسانى باڵاى کورد و نوێنەرانى کوردیش لە بەغدا لەجیاتى ئەوەى پۆستەکانیان بۆ پاراستنى ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان و دۆزى کورد و فشارکردن لەسەر بەرپرسانى حکومەتى ئیتیحادى بەکاربهێنن، سەرقاڵى ئەجێنداى حیزبى و شەخسین رۆڵیان لە نوێنەرایەتى کوردەوە بوە بە چالاکوان و گواستنەوەى هەواڵ.

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە دواكەوتنی ناردنی پارە و دابەشنەكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، رایدەگەیەنێت: بابەتی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی  هەرێمی كوردستان ئاڵۆزە و  ماوەیەكی زۆرە  فەرمانبەران و موچەخۆران پێوەی گیرۆدەن، سیاسییەكانی و كاربەدەستان لەسەر ئاستی حكومی و حزبی هەر دەڵێن؛ ئومێد دەكەین هاتنی موچە نەبێت بە سەردێڕی هەواڵەكان، بەڵام تا ئێستاش سەردێڕی هەواڵەكان هاتن و نەهاتنی موچەیە.

وتیشی: دوای بڕیاركەی دادگای فیداڵی بۆ رەوانە كردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، كۆمەڵێك ئەرك لە ئەستۆی هەردو حكومەتی هەرێم و ناوەندە، ئەوەی پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمەوە، رادەستكردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لەگەڵ رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ، بەڵام حكومەتی هەرێم تەنها چوار مانگ داهاتی بۆ بەغداد ناردوە و سێ مانگەکەی دیكەی نەناردوە.

رونیكردوە؛ یەكێكی دیكە لە ئەركەكانی هەرێم، پاككردنەوەی لیست و تۆماری موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، لەگەڵ هاوتاكردنی بەبەغداد، بەڵام تا ئێستا وەك پێویست هەرێم زانیارییەكانی رادەستی بەغداد نەكردوە، بۆیە ئێستا ویستی خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە پاساوەكانی بەغداد چییە بۆ نەناردنی موچە؟ ئەوە لە مانگی (9ـی 2024) نزیك دەبینەوە بۆچی تا ئێستا موچەی مانگی حەوت نەهاتوە؟.

چۆمان محەمەد راشیگەیاند: بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پێویستە بەغداد پابەندی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بێت لەگەڵ یەكسانكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە خوارو ناوەڕاستی عێراق. 

رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەهۆی بێباكی و كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و  پێڕاكێشانەی حكومەتی عێراق بەرامبەر  بە هەندێك بابەت كە ئەنجامی دەدات، موچەخۆرانی هەرێم زیانیان بەركەوتوە، بۆیە رێكارەكان بەم سستییە بڕوات دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام دەبێت.

هەروەک رەخنە لە بەرپرسانى باڵاى کورد لە بەغدا و نوێنەرانى کورد لە حکومەت و ئەنجومەنى نوێنەران دەگرێت و دەڵێت: نوێنەرانى کورد لە بەغدا خەریکى چین؟، سەرقاڵى ئەجێنداى حیزبى و شەخسین ئەگەرنا ٥٣ رۆژە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم نەهاتوە بۆ ناچنە سەرخەت و خەمساردن، ئەو بەرپرسە باڵایانە و نوێنەران دەبو پۆستەکانیان بۆ پاراستنى ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان و دۆزى کورد بەکاربهێنن، بەڵام رۆڵیان بوە بە چالاکوان و گواستنەوەى هەواڵ.


هەواڵی زیاتر