بەهار مەحمود: گۆڕان مافی خۆیەتی وەزارەتێک لە بەغدا وەربگرێت

17/12/2018

سازدانى: سەنگەر کوردە

د. بەهار مەحمود، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکراى دەکات؛ ئەگەر حکومەتى هەرێم پابەندى رێککەوتنەکەى لەگەڵ بەغدا بێت و ئەو بڕە نەوتەى دیاریکراوە رادەستى سۆمۆی بکات، ئەوا حکومەتی ناوەند شایستە داراییەکانى هەرێم دەنێرێت، ئەگەرنا دۆخەکە لە رابردو باشتر نابێت.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ (سبەى)، بەهار مەحمود ئەوە دەخاتەڕو کە پشکى کورد دەبێت لە ئەنجومەنى وەزیران چوار وەزارەت بێت نەک سێ وەزارەت، بۆئەوەش لە کۆبونەوەمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان جەختمان لە زیادکردنى پشکى کورد کردوەتەوە.

ئێستاش پشک پشکێنەى حیزبى رۆڵى هەیە و یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانى بەردەم سەرۆک وەزیران 
لەبارەى دوا پێشهاتەکان و تەواوکردنى کابینەى عادل عەبدولمەهدى، دەڵێت: "لە سەرەتاوە گەشبین بوین و جێگەى خۆشحاڵیمان بو کە کەسێک کاندید کرا بۆ سەرۆک وەزیران لە دەرەوەى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى، بەڵام دەرکەوت ئێستاش پشک پشکێنەى حیزبى رۆڵى گەورەی هەیە، ئەگەرنا بۆچى ئەم بابەتە یەکلا ناکرێتەوە بەتایبەت وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى بەرگرى کە کێشەى گەورەیان لەسەرە، یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانى بەردەم سەرۆک وەزیران ئەوەیە کە کوتلەیەکى گەورەى نییە لەنێو پەرلەمان بۆ ئەوەى بە فەرمى پشتیوانى لێبکات".


* لەچەند رۆژى رابردودا وەک فراکسیۆنى گۆڕان چەند دیدارێکتان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەبو، ئامانج و ئەنجامى ئەو دیدارانە چی بون؟
د. بەهار مەحمود: دیدارەکانمان بۆ چەند ئامانجێک بون ئەوانیش؛ بۆ پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ ئەو لایەنانەى کە لەسەر گۆڕەپانى سیاسى لە بەغدا رۆڵ و کاریگەرییان هەیە، لەگەڵ باسکردن لە مافەکانى کورد بەپێى دەستور و چۆنیەتى جیبەجێکردنیان، ئامانجێکى دیکەش ئەوە بو کە کورد لە ناو حکومەتى عادل عەبدولمەهدى مافى خۆى وەرنەگرتوە، چونکە بەپێى کورسیەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانیش بێت کورد پشکى (18%)ى کورسییەکانى هەیە، بەڵام لەم کابینەیە تائیستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت سێ وەزارەت وەربگرێت کە ئەوە بە رێژەیى (12%)ى کابینەکە دەکات، لە بەرامبەردا مافى کورد ئەوەیە کە لانى کەم چوار کورسى وەربگرێت.

مافى خۆمانە پۆستى وەزارەتێک وەربگرین
ئێمەش سەربارى ئەو تەزویرەى لێمان کراوە هێزى سێیەمین، مافى خۆمانە پۆستى وەزارەتێک وەربگرین، چونکە ناکرێت یەک لایەن تەواوى وەزارەتەکان وەربگرێت و لەبەرامبەردا فراکسیۆنەکانى دیکە کە (33) کورسى پەرلەمانیان هەیە وەزارەتیان نەبێت.

جگە لەوەش جەختمان کردوەتەوە کە ئێمە بەدواى پۆست و پلەوە نین، بەڵام ئەوە مافێکە و گرنگە لایەنى دیکەش لەناو کابینەى حکومەت ئامادەیى هەبێت.

لە بەرامبەردا لایەنە عێراقییەکان ئەوەیان خستەڕو کە دەزانن ئەم کورسیانە قەبارەى راستەقینەى بزوتنەوەى گۆڕان نییە، ئاماژەیان بەوە کرد کە بزوتنەوەى گۆڕان حیزبێکى جیاوازە بەوەى تێڕوانینى دیکەى هەیە بۆ حوکمڕانى، بۆیە پێیانوابو بونمان لە حکومەت پێویستە بۆئەوەى ئەو تێڕوانینە جێبکەینەوە لە حکومەتیشدا بەتایبەت کە بزوتنەوەکەمان لە بنەڕەتدا لەپێناو هێنانەکایەى چاکسازى و چەسپاندنى سیستمى دیموکراسى و بەگژداچونەوەى گەندەڵى دامەزراوە.

* کەواتە وەڵامى ئەرێنى هەبو بۆ بۆچونەکانتان؟
د. بەهار مەحمود: بەڵێ، پێیانباشە کە ئێمە وجودمان هەبێت لە ناو حکومەتدا.

* ئەوە چەند جارە پەرلەمان هەوڵى دانیشتن و تەواوکردنى متمانەدان بە کابینەکەى عەبدولمەهدى دەکات بەڵام شکست دێنێت، تێڕوانینى ئێوە بۆ ململانێى نێوان لایەنەکان چۆنە؟
د. بەهار مەحمود: لە سەرەتاوە ئێمە گەشبین بوین و جێگەى خۆشحاڵیمان بو بەوەى کەسێک کاندیدە کە عادل عەبدولمەهدییە لە دەرەوەى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى کاندید کرا و بە شێوازێکى نوێمان زانى، بەڵام دەرکەوت لە بنەڕەتدا و ئێستاش پشکپشکێنەى حیزبى رۆڵى هەیە، ئەگەرنا بۆچى ئەم بابەتە یەکلا ناکرێتەوە بەتایبەت وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى بەرگرى کە کێشەى گەورەیان لەسەرە.

یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانى بەردەم سەرۆک وەزیران ئەوەیە کوتلەیەکى گەورەى نییە لەنێو پەرلەمان کە بە فەرمى پشتیوانى لێبکات.

* ئێوە جەخت لە پێویستى زیادکردنى پشکى کورد دەکەن، بۆچى کورد یەک تیم نیە بۆ ئەوەى پشکى لە کابینەى نوێ زیاد بکات بەتایبەت جیاوازى و دورکەوتنەوەى زۆر لەنێوان پارتى و یەکێتى دەبینرێت لە بەغدا؟
د. بەهار مەحمود: بەداخەوە کە کورد یەک تیم نییە، هەر لایەنە و بۆخۆى کاردەکات ئەوەش رەنگە دواجار زیان بە کورد بگەیەنێت، ئەو گرژى و ناکۆکییەى لەنێوان پارتى و یەکێتى هەبوە لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازى خۆیان ئێستا زیاتر ئەوە تەشەنەى سەندوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت مافى کورد بەزایە نەچێت بۆیە ئەو کۆبونەوانەشمان ئەنجامدا.

ئەگەر حکومەتى هەرێم پابەند نەبێت، ناردنى شایستە داراییەکان لە رابردو باشتر نابێت

* ئاسۆیەکى گەش هەیە بۆ کورد لەم قۆناغە نوێیەى عێراق؟، لەروى شایستە داراییەکان و بابەتى زیندانیانى سیاسى و پێشمەرگە و سودمەند بون لە سوتەمەنى و ئەو بابەتانەى پەیوەندى بە ژیانى هاوڵاتیانەوە هەیە، نەک لایەنە سیاسیەکان بەتایبەت دەسەڵاتداران.

د. بەهار مەحمود: لە راستیدا ئەوە بەشى زۆرى دەکەوێتە سەر حکومەتى هەرێم کە رونە دەسەڵاتەکانى لاى کێیە، ئەوەندەى ئێمە تێبینیمان کردوە لە پەیوەندیمان و دواندنى لایەنە عەرەبییەکان، ئەگەر حکومەتى هەرێم پابەندى رێککەوتنەکان و رادەستکردنى (250) هەزار بەرمیل نەوتەکە بێت بە سۆمۆ، ئەوا هەمو شایستە داراییەکانى کوردستان دێت کە بودجەکەش بەپێى ئامارى وەزارەتى پلاندان کورد (14%)ى عێراقى بۆ دانراوە نەک (12%).

بۆیە ئەگەر حکومەتى هەرێم پابەندى رادەستکردنى ئەو بڕە نەوتە نەبێت، ئەوا ناردنى شایستە داراییەکان لە رابردو باشتر نابێت.

ئێمە داوامان لە وەزیرى دارایى و جێگرى دوەمى ئەنجومەنى نوێنەران کردوە بە راشکاویى ئەمە لەگەڵ حکومەتى هەرێم تاوتوێ بکەن، چونکە رێککەوتنەکە دولایەنەیە، ئەگەرهەرێم پابەند بێت ئینجا ئێمە دەتوانین وەک نوێنەرانى کورد پێداگرى بکەین لە پشکى هەرێم.


* هاوکات لەگەڵ ئەوەى ئاماژەت بۆکرد، تائێستا دو پۆستى گرنگى وەک سەرۆک کۆمار و وەزیرى دارایى بەدەست کوردەوەیە (کە وەزیرى دارایى جێگرى سەرۆک وەزیرانیشە بۆ کاروبارى ئابورى) پەیوەندیتان لەگەڵیان چۆنە پۆستەکانیان خزمەتى کورد بەکارهێناوە لەم ماوەیەدا؟ لەکاتێکدا پێشتر کورد زۆر سودى لەو پۆستانە نەبینیوە؟
د. بەهار مەحمود: ئێستا تێڕوانینى حکومەتى هەرێمیش گۆڕاوە بەوەى پابەندى ئەو رێککەوتنە بێت، من لە دیدارێکدا ئەوەم لە وەزیرى دارایى پرسى، وتى؛ بە راشکاوى ئەو بابەتەم لەگەڵ حکومەتى هەرێم تاوتوێ کردوە و دەرکەوتەکانیش بەو ئاڕاستەیەن کە ئەمجارە هەرێم پابەند بێت.
پێموایە لە وەزارەتى دارایى ئەو هەنگاوانە نراوە و هەرێم لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە بۆئەوەى وەزیرى دارایش بتوانێت هەنگاو بنێت، بەڵام ئاگادارى هەنگاوى سەرۆک کۆمار نیم لەوبارەیەوە.

پرسى ساختەکارى و لێکۆڵینەوە لە ساختەکاران لاى ئێمە کۆتایى نەهاتوە
* فراکسیۆنى گۆڕان دواى دەستبەکاربونى پەیوەست بە ساختەکردنى رەگەزنامە و پێناسى هاوڵاتیان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە هەڵبژاردنى (30)ى ئەیلولدا داواى لە وەزارەتى ناوخۆ کرد لیژنە پێکبهێنێت و لێکۆڵینەوە بکات، ئایا هیچ بەرەو پێشچونێک هەیە لەو بارەیەوە؟ بەتایبەت دواى ئەوەى کابینەى نوێ پێکهات و ئەو وەزارەتە هێشتا بێ وەزیرە.
د. بەهار مەحمود: ئەو بابەتە لاى ئێمە کۆتایى نەهاتوە و بەردەوام دەبین لە بەدواداچون، بەڵام لەبەرئەوەى تائێستا وەزارەتى ناوخۆ، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کێشەى لەسەرە و بە وەکالەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوە دەبرێت، چاوەڕێ دەکەین ئەو بابەتە یەکلا ببێتەوە و وەزیرى نوێ دەستبەکار ببێت ئینجا ئێمە هەنگاوەکانى دیکە بنێین.

* لەماوەى رابردودا جەخت لەوە دەکرایەوە کە کێشەى سەرەکى نێوان هەرێم و بەغدا جێبەجێنەکردنى دەستورە، بۆ کاراکردنى ئەو بابەتە و کارکردن بەدەستور بەتایبەت دواى روداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەر، فراکسیۆنى گۆڕان دواى پێکهێنانى لیژنەى مادەى (140)ى کرد، ئەو بابەتە بە چى گەیشت؟
د. بەهار مەحمود: بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ دەبێت لیژنەى مادەى (140) هەبێت، فراکسیۆنى گۆڕان و بەتایبەت پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکەمان کاک کاوە محەمەد داواکارى بە ئیمزاى پێویستى پەرلەمانتاران پێشکەش بە سەرۆکایەتى کرد، چاوەڕێى وەڵامى ئەوانین بۆ ئەوەى ئەو داواکارییە بخەنە بەرنامەى کارى ئەنجومەن بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.


هەواڵی زیاتر