هەدەپە: بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرژەوەندی میلەتەکەی سیاسەت دەکات

02/02/2021

بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی مەدەنیانەی (پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە) لە باکوری کوردستان،  دوپاتدەکاتەوە و داوادەکات؛ مامەڵەیەکی تەندروست و دیموکراسیانەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2\2\2021، شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، سەردانی (بزوتنەوەی گۆڕان)یان کردو لەگەڵ ڕێکخەر و ئەندامانی ژوری پەیوەندیە سیاسیەکان، کۆبونەوە.

بەختیار عومەر ئەولی، ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکان، بە سایتی فەڕمی گۆڕانی وت: ئامانج لە سەردانی شاندی هەدەپە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمانە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی باکور و باشوری کوردستان، کراوە.
وتیشی: شاندی هەدەپە لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی کاری سیاسی کردوە لە تورکیا و ئەوەیان ڕاگەیاند؛ بە سەدان کادری سیاسیان لە زیندانەکاندان و مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان، بەختیار عومەر ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی خەباتی مەدەنیانەی (پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە) لە باکوری کوردستان،  دەکەین و داواکارین مامەڵەیەکی تەندروست و دیموکراسیانەیان لەگەڵدا بکرێت.

ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکان وتیشی: شاندی هەدەپە، بە گرنگی و نرخاندنەوە باسیان لە شێوازی کاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، کردوە کە هیچکات لە بەرژەوەندی لایەنی دەرەکی سیاسەتی نەکردوە و بەرژەوەندی میلەتەکەی ئەولەویەت بوە لەلای.


هەواڵی زیاتر