بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێك ئاڕاستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات
16/08/2026
بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات؛ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. خوێندنەوەی ئەم دۆخە و سیناریۆکانی داهاتو؛ پێویستی یەکگرتوویی و کۆدەنگیی نیشتمانی بەهێزتر دەکات.
لەو پەیامەدا كە بەبۆنەی تێپەڕبوونی (٨٠) هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئاڕاستەی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و کۆمیتەی ناوەندی كردوە، ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی، دەڵێت: بە دەرفەتی دەزانین جەخت لەسەر بەهێزکردنەوەی ڕایەڵە نیشتمانیەکان و سازانی نیشتمانی بکەینەوە، بەتایبەت لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، وەک پڕبایەخترین هەنگاوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.