خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە
14/02/2021
دوای هەڵبژاردنی تەواوکاریی خولی دوەم، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێم و دۆخی ناوخۆیی، کۆبوەوە.
دوای هەڵبژاردنی تەواوکاریی خولی دوەمی خانەی راپەڕاندن، ئەمڕۆ یەکشەممە (14/2/2021) بە سەرپەرشتی رێکخەری گشتی، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دوایین پەسەرەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن پێشوەختەی عێراق و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرا.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر پێویستی چاکسازی ریشەیی کردەوە و لە چوارچێوەدا تیمەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان رادەسپێردرێن بۆ خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازی و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک.
لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە، بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی رژد دەدات بۆ بەستنی کۆنفرانسی پارێزگاکان و زەمینەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی و خۆڕێکخستنەوە و تەواوکردنی پەیکەرە و پێکهاتەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرجەم ئاستەکاندا.
دوێنێ شەممە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە دەنگدان هەڵبژاردنی ئەنجامدا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی سێ ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندن کە پێکهاتبون لە (سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان و سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان).