بەختیار عومەر ئەولی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری بە پێویست دەزانین لەم قۆناغەدا
24/02/2021
بەمەبەستی پیرۆزبایکردن بەبۆنەی کۆتایهاتنی کۆنگرەی چوارەمی (کۆمەڵی دادگەری کوردستان)ەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی بەختیار عومەر ئەولی، ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی کۆمەڵی دادگەری یان کردو لەگەڵ حاجی هێمن محەمەد بەرپرسی ناوەندی پەیوەندیەکانی ئەو حیزبە کۆبونەوە.
بەختیار عومەر ئەولی، ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە سایتی فەڕمی گۆڕانی وت: پەیامی پیرۆزبایمان گەیاندە شاندی کۆمەڵی دادگەری و پێمانوایە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەم دۆخەی ئێستادا پێوست و گرنگە.
بەختیار عومەر وتیشی: هیوادارین کۆمەڵی دادگەری رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەری هەبێ بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی ریشەیی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە بنەڕەتیەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پهیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکان، دەڵێت: پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم پارتەکان بەیەک ئاڕاستەیەو بەپێوستی دەزانین کۆدەنگی سیاسی هەبێت بۆ چارەسەری گرفتەکانی هەرێم و بەرەوپێش چونی پرسی چاکسازی.