كاوە عەبدوڵا: لامەركەزی بە واتاى بوژانەوە و خزمەتكردنی هەموو ناوچەكان
26/02/2021
رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: نە مەركەزیەت دەتوانێت هەرێم بپارێزێت، نە لامەركەزیەتیش هەرێم پارچە پارچە دەكات. بونی لامەركەزی راستەقینەی ئیداری و دارایی هەرێم بەهێز دەكات.
کاوە عەبدوڵا رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) باس لە گرنگى جێبەجێ کردنى سیستمى لامەرکەزیەت لە هەرێمى کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، دو سیستم لە جیهاندا زۆر بڵاوە، یەکێکیان مەرکەزیەت و ئەوى دیکەش لامەرکەزى، لامەركەزیەت یەكێكە لە سیستمە پێشكەوتووەكانی جیهان، مەركەزی چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران یان لەناو وەزارەتەكان و پایتەختدایە، ئەم سیستەمە زەرەرێكی زۆریداوە و ڕۆتینی زۆرە و گەندەڵی زۆری تێدەكەوێت، ئیشی خەڵك دوادەكەوێت و شەفافیەتی تێدا نییە، خەڵك ناتوانێت كاروبارەكانی بە ئاسانی جێبەجێ بكات.
دەشڵێت: "بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی (2009) كە دروستبووە، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی لامەركەزییە، چونكە بڕوای بە خزمەتكردنی خەڵك هەیە، بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە، گۆڕان پشتگیری یەكەمی لامەركەزییە، باشترین دەلیلیش بۆ ئەوە یەكێك لەو بەرنامانەی لەكاتی چونمان بۆ حكومەت قسەمان تێداكردووە، جێبەجێكردنی لامەركەزییە."
سەبارەت بە هەرێمى کوردستان و پەیڕەوکردنى سیستمەکە، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، سیستمی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (3)ى ساڵی (2009) لامەركەزییە، بەڵام لە حاڵی حازردا سیستەمێك نیە ناوی لامەركەزی بێت، پارتی و یەكێتی ئەوەندە لەگەڵ لامەركەزیدان هەتاوەكو بەرخۆیان نەكەوێت، ئەوەندە لەگەڵ دیموكراسیدان تاوەكو بەر خۆیان نەكەوێ، كە بەریان كەوت نە لامەركەزین نە دیموكراسین.
کاوە عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە لەوەى کە لامەركەزی بە واتاى بوژانەوە و خزمەتكردنی هەموو ناوچەكان و جۆرێك لە دادپەوەری كۆمەڵایەتی دێت.
لەو چاوپێکەوتنەیدا کە ئەمشەو کاتژمێر (09:00) دەقەکەى بڵاودەکرێتەوە، کاوە عەبدوڵا دوایین هەوڵەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ جێبەجی کردنى سیستمى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) ئاشکرا دەکات و دەڵێت: نوێترین هەوڵمان ئەو كۆبونەوانەیە لەگەڵ نوێنەرایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و وەفدی پارتی و وەفدی یەكێتی ئەنجاممانداوە، بۆئەوەی بتوانین جۆرێك لە لامەركەزی لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێبكرێت.
رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، کە نە مەركەزیەت دەتوانێت هەرێم بپارێزێت، نە لامەركەزیەتیش هەرێم پارچە پارچە دەكات، ئەوانە هیچ هەڕەشە نین لەسەر هەرێمی كوردستان، هەڕەشەی سەر هەرێمی كوردستان نەبوونی دیموكراسییە.