یوسف محه‌مه‌د: كار ده‌كه‌ین بۆ هاوتاكرنی‌ موچه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و زیندانیان

05/01/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە كار ده‌كه‌ن بۆ هاوتاكردنی موچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان.
رۆژی (پێنجشه‌ممه‌) له‌ نوسینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق، د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق و نوێنه‌ری‌ به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی‌ دیكه‌، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و نوێنه‌ری كه‌سوكاری ونبوانی كاره‌ساتی كیمیاباران كۆبونه‌وه‌.

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رجه‌م زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی رژێمی پێشوی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ پڕۆسه‌ی هاوتاكردنی موچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی، هه‌نگاوی باشی بڕیوه‌ و له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌دواداچونی‌ بۆ ده‌كرێت، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیشی‌ دا كه‌ پڕۆژه‌یاسای تایبه‌ت له‌باره‌ی‌ كه‌یسی كه‌سوكاری ونبوانیش بخه‌نه‌ ئه‌جێندای كاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌دواداچون.


هەواڵی زیاتر