هۆشیار عەبدوڵا: لە رەشنوسى بودجەدا پێشێلکاری زەق بەرامبەر پێشمەرگە کراوە

05/01/2019

پەرلەمانتارێکى
فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکراى دەکات؛ لە پڕۆژە یاساى بودجەدا پێشێلکاری زەق بەرامبەر
پێشمەرگە کراوە و دەڵێت: "هەرچەندە بەشێکی هەرە گەورەی ئەو غەدرە لە پێشمەرگە
لە هەرێمى کوردستانەوە دەست پێدەکات هەر لە بە حیزبی کردنیانەوە تا دیارنەبونی
ژمارەی راستەقینەیان، بۆیە دەبێت لە هەرێمەوە ژمارەی راستەقینەی پێشمەرگە بخرێتە
بەردەست و یەکێک لە ئەرکەکانى ئێمەش داکۆکیکردنە لە پێشمەرگە".

هۆشیار عەبدوڵا،
ئەندامى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان بە (سبەى)
راگەیاند؛ لە رەشنوسی یاسای بودجەى (2019)ى عێراق پێشێلکاریەکی زەق بەرامبەر پێشمەرگە
کراوە، بەوپێیەى لە دەستوری عێراق پێشمەرگە، (ناوە دەستوریەکەی پاسەوانی هەرێم)ـە
و بەشێکە لە دامەزراوەی ئەمنی و بەرگری دەوڵەتی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە رەشنوسى
پڕۆژەى ئەمساڵ پێشێلکارى بەرامبەر کراوە و بەتایبەت لە
خشتەی (و)ى
رەشنوسەکەدا، کە تەخسیساتى تێکرای سێکتەرەکان و هەمو دەزگا ئەمنیەکانی بە "ژمارە"
داناوە تاکە شوێن کە پارە و شایستەکانی دانەناوە پێشمەرگەیە.

دەشڵێت: "لەم
رەشنوسەدا هیچ کەس نازانێت بە "ژمارە" پێشمەرگە چەندی هەیە، هەمو
دەزگاکانی دیکە دیارە چەندیان هەیە، پێشمەرگە نەبێت".

هۆشیار
عەبدوڵا رونى کردەوە؛ لە دو کۆبونەوەی فەرمیدا پێش ناردنەوەی رەشنوسەکە بۆ
پەرلەمان کە لە هەردوکیاندا وەزیری دارایی بەشداربوە، ئاماژەم بەوە کردوە کە پشکی
پێشمەرگە هەرچەندێک بێت بیکەن بە ژمارە، "بەڵام بە داخەوە نەکرا و نەیانکرد،
لە بری پێشمەرگە وەزارەتی دارایی (466) ملیار دینارى بۆ حەشدی شەعبی زیادکرد".

هەروەک ئەوەش
دەخاتەڕو کە بەشێکی هەرە گەورەی ئەو غەدرە لە پێشمەرگە، لە هەرێمى کوردستانەوە دەستپێدەکات
هەر لە بە حیزبی کردنیانەوە تا دیارنەبونی ژمارەی راستەقینەیان و دەیان کێشەى
دیکە، بۆیە "گرنگترین کار کە ئێستا لە هەرێمەوە بکرێت، ئەوەیە ژمارەی
راستەقینەی پێشمەرگە بخرێتە بەردەست، چونکە ناکرێت زیاتر لە (400) هەزار کەس
بەناوی ئەو وەزارەتەوە لە هەرێم موچە وەربگرێت لەکاتێکدا وەزارەتی بەرگرى عێراق کەمتر
لە (289) هەزار موچەخۆری هەیە".


هەواڵی زیاتر