راپەرینی سلێمانی وەکو خۆی!

08/03/2021

شەوی (٧)ی ئازار کاک نەوشیروان بروسکەی کرد وتی سبەینێ خۆتان  بگەیەننە ناو شاری سلیمانی و فریای جەماوەری راپەریو بکەون.

باران بەلێزمە دەباری، ئاسمان تاریک و ئەنگوستە چاو بو، بە جیھازە بچوکەکە  فەرماندەی تیپ و کەرتەکان و پارتیزانەکانم ئاگادارکرد بێنە لام بۆ کۆبونەوەیەکی گرنگ. ئەوانەی کە جیھازیان لابو ھاتن، بەڵام جەستەیان یەکپارچە ئاو بو ھیچ شوێنێکی وشکیان نەمابو، پەیامەکەی کاک نەوشیروانم پێ راگەیاندن، بەڵام ئەوان شارەزابون و رێگاکەشیان لە مین پاک کردبوەوە  وتیان؛ ئاسان نییە بەم شەوە بڕۆین  تولە رێیگایەکمان پاک کردوەتەوە، بەڵام  تاریک و باراناوییە پێشمەرگەکان  زۆریان  دەکەون بەسەر مین-دا و زیانێیکی زۆرمان لێ دەکەوێیت.

ئەوان پێیان وابو باشترە بەیانیەکەى کە رۆشنی کردەوە بڕۆین، پێشنیازەکەمان کرد بە بڕیار و کاک نەوشیروانمان لێ ئاگادارکردەوە.

بەیانی زو، ھێیزەکەمان ئامادەکرد بۆ رۆیشتن، لەم کاتانە ھێزی دوەم کە لەسنور بە جێیمان ھێیشتبون گەیشتە لامان، ئەوان لە شەوەوە بەڕێوەببون. وتمان ئێوە پشوبدەن و ئێوارە بەڕێکەون، بەڵام زۆربەیان  بەو ماندویەتییە لەگەڵمان ھاتن، رێیگایەکی سەخت و ھەوراز و نشێو و  پر لە مین بو،  کاروانەکە دورو درێیژ بو. ھیچ گوێمان نەدایە  رەبایەکانی رژێیم و بە عەشقی سلێمانی و ئازادی بەردەوام بوین.

زیاتر لە (١٢) سەعات پیادەڕەویمان کرد، ئێوارە درەنگ  گەیشتینە گوندی نۆدێ، لاماندا پشویەک بدەین و پارویەک لەو خواردنانەی لە کۆڵە پشتەکانماندا ھەبو بخۆین. لەوێ گوێمان لە رادیۆ بچوکەکە گرت و بێژەرەکە ھاوار دەکات؛ سلیمانی راپەری.
ھەرلەوێ جیھازە راکاڵەکەمان کردەوە و بروسکەیەکمان نارد "جەماوەری بەشەرفی سلیمانی بەردەوامبن لە راپەرین بەتالیۆنی حەوتی سلیمانی بەرێوەیە بۆ لاتان". ھەر دوای بروسکەکە ھیزەکمان ئاگادارکرد خۆیان کۆبکەنەوە  کۆبونەوەیەکمان پێکردن.

پێیشمەرگە پارتیزان و شارەزاکانى بەتالیۆنمان کردە پێشڕەوى ھێزەکە، ھێزەکەمان ئاگادارکرد ھیچ کەسێ لانەدات لە رێگاکە و لەدواوە یەکتری بەتوندی  بگرن، چونکە زۆر تاریک بو، بەرچاوی خۆمان نەئەبینی. داواشمانکرد کەس پێیڵاوەکانی لە جۆگە و چەمەکان دانەکەنێ بەناو ئاوەکەدا بڕۆن. بڕیاریش بو ھەرکەس پەکی کەوت و نەیتوانی  رێ بکات لە شوێنی خۆی بمێینێتەوە و بەیانیەکەى بێت بۆناو شاری سلێمانی.

بە ورەیەکی پۆڵایینەوە چەم و شیوەکانمان بڕی، بێجگە چەک و تاقمی چەکەکانمان یەکی کۆڵە پشتێکمان بەکۆڵەوە بو ھەمو پێیویستیەکی خۆمانی تێیدابو.

چنگمان دایە چیای گۆیژە، دیوی شارباژێر نسێ بو، بەفری تێدامابو  سەرکەوتین، پێیشمەرگەکان وەکو ھەڵۆ سەرکەوتن کە سەیرت دەکرد ئەو قارەمانانە بەو شەوە تاریکە ھەمو گیانیان بەستبوی ورە و خۆشبەختیت زیاتر دەبو.
بەدەم خەندەوە سەرکەوتین و گەیشتینە سەر لوتکەی گۆیژە، لای چاڵە بەفرەکان، لەبەرئەوەی ھەمو پێشمەرگەکان بە چەم و ئاوەکاندا بەبێ وەستان رۆشتبون، ھەمو جلەکانیان تەڕ ببو، کە سەرماکە لێی ئەدا ھەموی بەستبوی. بۆیە پێموتن مەوەستن بجوڵێن لەشوێنی خۆیان.

ھێشتا نازانین لە سلێمانی چی رویداوە، ناچار کۆبونەوەیەکمان کرد و  بڕیارماندا ھێیزەکە بکەین بە سێ بەشەوە:
بەشێکمان دیاریکرد بچێیتە ناوشار و دەستی بگاتە خانوەکان و شەڕی ناوشار بکەن.
بەشی دوەم، زۆربەی ھێزەکە بێت و بچێیتە  ناو دار بەڕوەکان  بۆ پارێزگاری لە ھێیزی یەکەم.
ژمارەیەک پێشمەرگەشمان لەسەر شاخ دانا و زۆربەی بیکەیسی و ئاربیجیەکانمان لا دانان کە ئەوان رێگە  نەدەن دوژمن بە فرۆکە لەسەر شاخ ھێز داببەزێینێ و پشتمان بگرن، ھێزی یەکەممان بەڕێکرد.

ھەردو جیھازەکەمان پێ بو جیھازە ناوچەیەکە بە کۆڵى پێشمەرگەیەکەوە بو  جیھازەکەم کردەوە گوێم لە دەنگێکی کوردی بو ھاوارم کرد نەڕۆی ئیشم پێتە ناچاربوم وتم من فڵانەکەسم  تۆ کێی؟  وتی منیش جیھازێکم لەگەڵ مەفرەزەیەک لە بەری قەرەداخ. وتم ھەواڵی شار: وتیان سلیمانی راپەریوە و نیوەی ئازاد بوە.
ھەواڵی  شەقامی شەستیەکەمان پرسی، زانیای نەبو، بەڵام ئەم ھەواڵانە  کە ئەو ھاوڕێیە پێی راگەیاندین زۆر بو بۆ ئێمە. بەرچاومان رون بوەوە، بۆیە ھەمو ھێزەکە یەکی گرتەوە و ھاتینە ناو شاری سلێمانی.

ماویەتی ..


هەواڵی زیاتر