گۆڕان لە ھەولێر: دوای تێپەڕبونی 30 ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا، ڕەفتار و بڕیارەکانی دەسەڵات دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعس

10/03/2021

ئەنجومەنی قەزای ھەولێری بزوتنەوەی گۆڕان، بەبۆنەی ڕاپەڕینی 11ی ئازارەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛ ئەوەی بەعس بۆی نەکرا دەرحەق بەکورد ئەوا بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی ئەنجامیدا،  ئێستا  ئاڵاو نیشتمان و خاك، نزیکەی 30 ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بازرگانی پێوە دەکرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە....
لەیادی ڕاپەڕینی 11ی ئازاردا
بەرزو پیرۆزبێت سێیەمین ساڵیادی ئازادکردنی شاری هەولێری پایتەخت، 30 ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا هاوڵاتیانی شاری هەولێر بە هاوکاری ژمارەیەك لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە سەرکردایەتی داڕێژەری نەخشەڕێگای ڕاپەڕین ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) شاری هەولێر لە چنگی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو ستەمکار کە حیزبی بەعس بوو ئازادکرا.

 پڕۆسەی ئازادکردنی شاری هەولێر بۆ بەدیهێنانی خەونی سەرجەم گەلی کوردو یەکسانی و دادپەرەوەری و تۆڵەی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکان ئەنجامدرا، ئامانجەکانی ڕاپەڕین وەک ڕەوانشاد دەفەرموێت تەنها بۆ گۆڕینی دەسەڵاتێکی ستەمکاری عەرەب نەبوو بۆ دەسەڵاتی ستەمکارێکی کوردی، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری و نیشتمانێکی ئازادو بەخشینی بەختەوەری بوو بۆ تاکی کوردی، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبونی 30 ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا، ڕەفتارو کردارو بڕیارەکانی دەسەڵات دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعس و بیرەوەریە تاڵەکانی سەردەمی پێش ڕاپەڕینمان دێنێتەوە یاد.

حیزبی بەعس بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی گەلی کوردو سڕینەوەی ناسنامای کوردایەتیمان، هەموو ڕێگایەکی گرتەبەر، بەڵام ئەوەی کە بەعس بۆی نەکرا دەرحەق بەکورد ئەوا بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی ئەنجامیدا، گەلی کورد هەمیشە شانازی کردووە بە جلی کوردی و خاك و نیشتمان و ئاڵاکەیەوە وە هەمیشە لەپێناویدا بە جۆگەلە خوێنی بۆ ڕشتووە، بەڵام ئێستا ئەو ئاڵاو نیشتمان و خاك و جلە کوردیە نزیکەی 30 ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بازرگانی پێوە دەکرێت و هەر ئەم ئاڵاو خاك و نیشتمانەش بۆ بەشێکی یەکجار زۆری گەلی کورد بۆتە مایەی نەهامەتی، دەتوانین ڕونتر بڵێین لەژێر ئەم ئاڵایەدا و لەسەر ئەم خاکە پیرۆزەدا چینێک خوێنی بۆ دەڕژن و چینێکیش بۆ مانەوەی خۆیان خوێنی لێ دەڕژن ، ڕەنگە بازرگانیکردن بە ئاڵاو نیشتمان پیلانێکی تری نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردبێت بۆ لەگۆڕنانی هەست و سۆزو  ڕوحیەتی کوردایەتیمان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەنجامنەدانی چاکسازی ڕیشەیی و بێباکی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕینێکی تر.

بۆیە لەم دۆخە هەستیارو ناسکەدا پێویستە بەپەلە چاکسازی ڕیشەیی لەهەموو بوارەکاندا ئەنجام بدرێت و، سەرجەم مافە دزراوەکان بۆ تاکی کورد بگێڕدرێتەوە، لەم یادە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانین بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بڵێین کە پەلە بکەن لە ڕاماڵینی گروپە پاوانخوازو بازرگانەکانی ناو دەسەڵات پێش ئەوەی ئاگری توڕەیی و ڕقی نادادی گەلەکەمان تەڕو وشکتان بەیەکەوە بسوتێنێت.

بەرزو پیرۆزبێت ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991
درود بۆ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان
درود لە گیانی پاکی ئەندازیاری ڕاپەڕین ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا ئەمین)
ئەنجومەنی قەزای ھەولێری بزوتنەوەی گۆڕان


هەواڵی زیاتر