بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێرەوە لەمپەرەکان تێدەپەڕێنێت
24/08/2026
ئەمڕۆ، دووشەمە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦، لە مەکۆی پەیوەندییەکانی شاری
هەولێر، بە سەرپەرشتیی دانا ئەحمەد مەجید و بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی
و جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی، كۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر
بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆیی،
تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگای داهاتوی بزوتنەوەکە بوو.
لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا، کاردۆ محەمەد، سەرپەرشتیاری
ڕێکخستنەوەکانی هەولێر، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گۆڕانکارییە ڕێکخراوەییەکان پێشکەش کرد
و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوە کردارییەکانی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی تەواوکاری"
لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، و ئامادەبووانی لە بەرەوپێشچوونەکانی
ئەم دواییەی پرۆسەکە بەرچاوڕون کرد.
دواتر، دانا ئەحمەد مەجید شیکردنەوەیەکی وردی بۆ پەرەسەندنە
سیاسییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕو. هەروەها ستراتیژی پەیوەندییەکانی
بزوتنەوەی گۆڕانی لەگەڵ هێزە کوردستانی و عێراقییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان
تاوتوێ کرد.
لەو بارەیەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای ئاڵنگارییە
سەختە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان، گۆڕان هەنگاوی گرنگ و ئەرێنی بڕیوە و بە پشتیوانی هەموو
لایەک و لە داهاتویەکی نزیکدا؛ بزوتنەوەکە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەری و پێگەی
خۆی لە سەرجەم ناوچەکان، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی
نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خواست و داواکارییەکانی خەڵک و هاونیشتمانیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی
ڕاوێژکاری بە دیدێکی گەشبینانەوە گفتوگۆیان لەسەر نەخشەڕێگای داهاتووی بزوتنەوەکە کرد.
هاوکات ئیرادەی خۆیان دووپات کردەوە کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پرۆسەی کۆنفرانسی
تەواوکاری بە ئەنجام دەگەیەنن و سەرجەم ئەو لەمپەر و ئاڵەنگارییانە تێدەپەڕێنن کە دێنە
ڕێگەیان.